ئەو گەنجەی لە تەکیە ئاو بردی، لە دووریی چوار کیلۆمەتر تەرمەکەی دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی 18 ساڵ لە شارۆچکەی تەکیەی سەر بە چەمچەماڵ ئاوی لافاو بردی و گیانی لەدەستدا، ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی چووبوونە دەرەوەی شار، لە کاتی پەڕینەوەیان لەسەر چەمێک، قاچی رامیار هەڵدەخلیسکێت و ئاو دەیبات.
 
دوێنی هەینی 17-12-2021 رامیاری بەختیار ئاو بردی و گیانی لەدەستدا، یەکێک لە هاوڕێکانی رامیار بە ناوی گۆران عوسمان تاوەکو ئەو کاتەی تەرمی هاوڕێکەیان دۆزییەوە و بەخاکیان سپارد، خەو نەچووە چاویەوە. گۆران دەڵێت، "ئەو هاوڕێیەمان لەگەڵ رامیار بوو تەلەفۆنی کرد گوتی، 'فریامان کەوە، رامیار ئاو بردی'، ئەوانیش زۆر رایان کردبوو بەدوایدا، بەڵام نەیانتوانی بوو بیگرنەوە."
 
بۆ دوایینجار کەسوکارەکەی لە پێش ماڵی خۆیان ماڵئاوایی لە رامیار دەکەن، تەرمەکەشی بەڕێدەکەن بۆ گۆڕستانێک نزیک ئەو  شوێنەی کە شەوی هەینی لێی کەوتە نێو ئاوی لافەوە و گیانی لەدەستدا. بەختیار غەفوور، باوکی رامیار دەڵێت، "لەگەڵ خۆی دەیان خەون و هیوا و ئامانجی بردە ژێرگڵەوە".
 
بەختیار غەفوور دەڵێت، "گەنج بوونە ماڵمان لەو پەری شارە حەزیان کردووە، بگەڕێن و باران و لافاو ببین، ئیتر ئەم رووداوەیان بەسەر هاتووە".
 
رامیار لەگەڵ سۆران و هۆگری هاوڕێی دوای گەڕانەوەیان لەو چێشتخانەی کە کاری لێدەکەن، دەچنە کۆنەدێ لە نزیک شارۆچکەی تەکیە بۆ گەڕان و بینینی دیمەنی باران و لافاو.
 
محەممەد سامان، هاوڕێی رامیار دەڵێت، "وەک برام وابوو، پانزە ساڵی تەمەنمان بەیەکەوە بەسەر بردووە، تەسەورم نەدەکرد ئاوامان بەسەر بێت".
 
لە ئێوارەی رۆژی 17 مانگەوە شەپۆلێکی بارانی بەخووڕ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە بەشێکی شار و شارۆچکەکان لافاو دروست بووە و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیانێکی زۆریش بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلی ژمارەیەک هاونیشتمانی کەوتووە.