وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق بۆ رووداو: ساڵێک لەمەوبەر بڕیارى داخستنى ماڵپەڕە سێکسیەکانمان دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق لەبارەى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بۆ داخستنى ماڵپەڕە سێکسییەکان رایگەیاند، ساڵێک لەمەوبەر بڕیارى داخستنیان داوە، بەڵام ئەو بڕیارەیان هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە، چونکە "ناکەوێتە سنوورى دەسەڵاتی وەزارەتەکەوە."
17ـی کانوونى یەکەمى 2023، عومەر عەبدولڕەزاق، گوتەبێژى وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی روواوى راگەیاند، بەر لە بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ داخستنى ماڵپەڕە سێکسییەکان، وەزیرى پەیوەندییەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونى ئەو بڕیارى دەرکردووە.
هیام یاسرى، وەزیرى پەیوەندییەکانى عێراق لە 4ـی تشرینى دووەمى 2022، بڕیاریدا بە داخستنى ماڵەپەڕە سێکسییەکان لە عێراق.
14ـی کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڵاویکردەوە، بڕیارێکى کاتى دەرکردووە بۆ راگرتنى ماڵپەرە سێکسییەکان لە عێراق تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵایەک لەو بارەیەوە یەکلایی دەکرێتەوە کە پێشکێش بە دادگەکە کراوە و وەزیرى پەیوەندییەکان و دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراقى پابەند کرد بە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە لە هەموو عێراق.
گوتەبێژى وەزارەتى پەیوەندییەکانى عێراق رایگەیاند، بڕیارى وەزارەتەکەى بۆ داخستنى ماڵپەڕە سێکسییەکان سنوورى هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە، لەبەرئەوەى وەزارەتەکەى دەسەڵاتى بەسەر ئەو سنوورەدا نییە و ئەو پرسە پەیوەستە بە حکومەتی هەرێمى کوردستانەوە.
سکاڵاکە لەلایەن باسم خەشان، ئەندامى پەرلەمانى عێراق دژى وەزیرى پەیوەندییەکان و سەرۆکى دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکان تۆمارکراوە و داوا دەکات، ئەو دوو بەرپرسە ناچار بکرێن کە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانە رێکبخەن و ئەو رێکخستنەش بە جۆرێک بێت لەگەڵ بەها و ئاکارى کۆمەڵگە بگونجێت.
پێشتر لە 14ـی کانوونى یەکەمى 2023، باسم خەشان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاندبوو، "بڕیارى راگرتنەکە کاتییە تاوەکو یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە. داوام کردووە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانە رێکبخرێتەوە. ئامانج لە سکاڵاکە رێکخستنە نەوەکو قەدەخەکردنى تەواوى هەموو ماڵپەڕە سێکسییەکان".