رووداو دەنگەکانی پارتی و یەکێتی لە دەنگدانی تایبەتی موسڵ ئاشکرا دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە دەنگدانی تایبەتی موسڵ پارتی 15,624 و یەکێتی 3,236 دەنگیان بەدەستهێناوە.
 
رۆژی شەممە، 16-12-2023، تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارە، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی تایبەت لە پارێزگای نەینەوا 70%ـی تێپەڕاند و هیچ سکاڵایێکیش لەلایەن چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان تۆمارنەکرا.
 
هەمان رۆژ، سوفیان مەشهەدانی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی نووسینگەی نەینەوا بە رووداوی گوت، "لە دەنگدانی تایبەتدا دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەدەست سندووقەکان دەبرێنە کۆگەکان، دواتر چاوەڕوانی دەنگدانی گشتی دەکەین، کاتێک ئەویش تەواوبوو، دواتر بەشێک لە ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی  دوای 24 کاژێر رادەگەیێنین".
 
پارێزگای نەینەوا بۆ دەنگدانی تایبەت نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری هەبوو، کە بەسەر 49 بنکە و 234 وێستگە دابەشبوون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو.
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییهات و بە گوێرەی زانیارییەکانی ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە پارێزگای نەینەوا لەنێوان 50% تاوەکو 55% دەبێت. 
 
ناسر عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە لای چەپی شاری موسڵ رایگەیاند، لەو بنکەی دەنگدانەی ئەو لەم چەند کاژێرەی دواییدا رووماڵی هەڵبژاردنەکەی کردووە، 4500 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و لەو ژمارەیە 1716 کەسیان دەنگیان داوە. 
 
وەک ناسر عەلی گوتی، رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای نەینەوا بەرز نەبووە و پێشبینی دەکرێت رێژەکە لەنێو موسڵ نزیکەی 30% بۆ 35% بێت و بەشداریکردن لە شوێنەکانی دیکەی پارێزگای نەینەواش بەرزتر بووە و بەو جۆرەش چاوەڕوان دەکرێت رێژەکە بە گشتی لە نەینەوا 50% تاوەکو 55% بێت. 
 
پارێزگای نەینەوا 26 کورسی و سێی کۆتای هەیە و کورد بە سێ لیست لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار بوو کە لیستی پارتی، یەکێتی و حیزبی سۆسیالیستی کوردستان بوو.