پارتی و یەکێتی لە کەرکووک داوای بەشداری کارای هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو سەرۆکی لیستی یەکێتی و پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن دەنگ بدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، رێبوار تەها، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای دەنگدانی لە قوتابخانەیەکی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە خەڵک دەنگ و رەنگی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. هەڵبژاردنەکە دوای 18 ساڵ لە بێبەشکردنیان لەو مافە دێت؛ هەروەها دوای شەش ساڵ لە بێبەشکردنی کورد لە دەسەڵاتی کارگێڕیی پارێزگاکە هەڵبژاردن دەکرێت."
رێبوار تەها گوتی، "ئێمە گەلێکین لەم شارەدا خاوەنی دۆزی خۆمانین؛ دۆزەکەمان کەرکووکە و هیچی دیکە نییە؛ بۆیە لە پێناو پێشخستنی دۆزەکەمان، پێویستە هەموومان بەرەو سندووقی دەنگدان بچین؛ ئەمە مێژووە و پێویستە خەڵک ئەو مێژووە بۆ خۆیان تۆماربکەن و ئەو خراپەکارییەی ئەمڕۆ کۆتایی پێ بهێنن."
لە وەڵامی ئەوەی دوای هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە دەستپێشخەرییان چی دەبێت لەگەڵ پێکهاتە و لایەنەکانی دیکە، رێبوار تەها وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، "بڕوامان بە هاوبەشی و پێکەوە ژیان هەیە؛ هەنگاوەکانمان بە هاوبەشی دەبن و لەگەڵ پێکەوەژیانداین لەپێناو پێشخستنی دۆزەکەمان. نامانەوێت هەنگاوێک بنێین ببێتە هۆکاری دروستبوونی مەترسی لەسەر هاووڵاتییەکانمان و دۆزەکەمان."
هەروەها حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و رایگەیاند، "گرنگ ئەوەیە هاونیشتمانییان بچنە سەر سندووق و دەنگی خۆیان بدەن."
حەسەن شێخانی گوتی، رێژەی بەشداریکردنی خەڵک باشە، بەڵام ئەوان ئومێد دەکەن رێژەی بەشداریی زیاتر بێت؛ گوتیشی، "هاونیشتمانییان دەبێت بچن بۆ دەنگدان و رابردوومان بکەنە پێوەر بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتکاریان بین."
ئەمڕۆ کاژێر 07:00ـی بەیانیی 18-12-2023، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان دەستیپێکرد؛ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.