یەکێتی ئاهەنگگێڕانی لە دوبز راگرت

رووداو دیجیتاڵ 

ژمارەیەک هاووڵاتی عەرەب بە نزیک مەڵبەندی یەکێتی لە دوبز تێپەڕین و چەند کەسێکیان بەردیان لە باڵەخانەکە گرت، ئەوە بە گوێرەی ئەندامێکی مەڵبەندی ئەو حیزبە کوردستانییە. 
 
خالید باوە، ئەندامى مەڵبەندى دوبزى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان ئەمشەو بە تۆڕى میدیایی روواوى گوت، " ژمارەیەک خۆپێشاندەرى عەرەب بە بەردەم بارەگاى مەڵبەندەکەماندا تێپەڕین؛ یەک دوو کەسیان بەردیان هاویشت".
 
خالید باوە ئاماژەى بەوەشدا کە بۆ ئەوەى گرژى دروست نەبێت، ئاهەنگگێڕانیان بە بۆنەى کۆتاییهاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانەوە راگرت.
 
بە گوتەى شایەحاڵێک لە دووبز، دواى رووداوەکە سوپاى عێراق چووەتە نزیک مەڵبەندى یەکێتى بە مەبەستى پاراستنى.
 
دوبز لە پارێزگای کەرکووکە و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، کورد لەو پارێزگایە ژمارەیەکی زۆر دەنگی بەدەستهێناوە و لەنێو لیستە کوردستانییەکانیش یەکێتی یەکەم و پارتی دووەمە.