کورد لە کەرکووک بە جۆشەوە دەنگ دەدات؛ 'دەمانەوێت ئێوارە تەپڵی سەرکەوتن لێ بدەین'
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی کەرکووک دەڵێت، وەک جەژن نوێژی بەیانی کردووە، نەخەوتووەتەوە و خواردنی ئامادەکردووە، پاشان چووە بۆ دەنگدان. هاونیشتمانییەکیش لە پردێ گوتی، گرنگ نییە کام لیستی کوردستانی سەردەکەوێت، گرنگ ئەوەیە ئێوارە "تەپڵی سەرکەوتن لێ بدەین". گەنجێکیش لەبارەی هۆکاری دەنگدانەکەیەوە گوتی، "دەمانەوێت پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک هەبێت."
هاونیشتمانییان لە کەرکووک بە گڕوتینەوە دەچنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن. ئەوان بە جلی کوردییەوە بەشداری پرۆسەکە دەکەن و وەک جەژن سەیری دەکەن. ئەوەی دەنگدەری کورد بە هەموو بیروڕا جیاکانەوە باسی دەکەن بریتییە لە هەوڵێکی گەورەی "بەعەرەبکردن و ستەم بەرامبەر کورد" لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، دەڵێن گرنگە کۆتایی بێت.
تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی پەیامنێرانییەوە لە شارە جیاکان رووماڵی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات. لە پارێزگای کەرکووک بۆچوونی هاونیشتمانییانی شارەکە و ناحیەی پردێ لەبارەی دەنگدانەوە دەخەنەڕوو.
"داوای مافی شەهیدەکانمان دەکەین"
هاونیشتمانییەک کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو لە شاری کەرکووک و دوای دەنگدانی لە وێستگەیەکی دەنگدان بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت، "رۆژێکی خۆشە و ئاواتی هەموو کوردە؛ کورد نەهامەتی زۆری بینیوە و شەهیدی زۆری داوە؛ هەموو کەرکووکییەک قەرزداری خوێنی هەموو شەهیدێکی کوردستانە لە هەر کوێ شەهید بووبێت. گرنگە ئەمڕۆ بێین و بیسەلمێنین ئێمە داوای مافی شەهیدەکەنمان دەکەین و مافی شەهیدەکانمان وەردەگرینەوە."
هاونیشتمانییەکی ژن کە ئەویش لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو بە جلی کوردییەوە چووە دەنگی داوە و دەڵێت، "وەک جەژنە بۆ من؛ حەزدەکەم هەموو کەسێکیش وابێت؛ ئەم بەیانییە نوێژم کردووە و نەخەوتوومەتەوە، خواردنم وەکو جەژن ئامادە کردووە و هاتووم بۆ دەنگدان. پێم خۆشە کەس لە ماڵەوە نەمێنێت و هەمووان دەنگ بدەن، چونکە بۆ داهاتووی خۆمانە."
هاونیشتمانییەک بە دەم هەڵپەڕکێی بەردەم دەهۆڵ و زووڕناوە لای یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد گوتی، "هەڵپەڕکێکەمان بۆ ئەوەیە؛ هەر کەس لە ماڵەوەیە بێتە سەر سندووقی دەنگدان، با ئەو چەوساندنەوەی شەش ساڵی رابردوو هەبووە، نەمێنێت و لیستە کوردستانییەکان سەربکەون و کاروباری پارێزگاکە بەڕێوەببەنەوە."
هاونیشتمانیانی پردێ بە جلوبەرگی کوردییەوە دەنگ دەدەن
لە ناحیەی پردێ، هاونیشتمانییان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. محەممەد عیسا، گەنجێکی ناوچەکەیە و دوای دەنگدانی بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ئێمە بۆ کەرکووک حەز دەکەین پارێزگارێکی کوردمان هەبێت و دەنگمان بۆ ئەوەیە".
هاونیشتمانییەکی دیکەی پردێ بە بەختیار قادر، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە؛ دەمانەوێت لەو عەرەبتارییەت و عەسکەرتارییەتەی هەیە رزگارمان بێت؛ لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ستەمێکی زۆرمان لێکرا. رۆژی هیمەتە و داوا دەکەم خەڵک بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن."
هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی، دەنگی داوە و چاوەڕوانی خێزانەکەیەتی ئەوانیش بچن دەنگ بدەن؛ گوتیشی، "گرنگ ئەوەیە لیستی کوردستانی سەربکەوێت و ئێوارە تەپڵی سەرکەوتن لێبدەین بەسەر نەیارەکانماندا".
ژنێکی دیکە کە بە تەمەنێکی زۆرەوە لەبەردەم یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە پردێ چاوەڕوان بوو نۆرەی بێت و دەنگ بدات. بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە پردێ لێی پرسی "بۆ پێت گرنگە ئەمڕۆ دەنگ بدرێت؟" لە وەڵامدا ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "ئەی کورد نین؟ کورد نابێت، بهێڵێت دەنگەکەی بسووتێت؛ پێم خۆشە خەڵک هەمووی بێت بۆ دەنگدان."
هاونیشتمانییەکی دیکە کە ئەویش لەگەڵ هاوژینەکەیدا چاوەڕوانی چوونەژوورەوە بوو بۆ دەنگدان گوتی، "بە چاوانم دەنگ بە کورد دەدەم بۆ ئەوەی ئەو تەعریبە نەمێنێ؛ پێویستە هەموو بەشدار بن، ئەوەی دەنگ نەدا با نوێژ نەکات، رۆژوو نەگرێت و نەچێتە عومرە."
هاونیشتمانییەکی دیکەی شارۆچکەی پردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک گوتی، "چۆن وەکو خەڵکی کەرکووک بە گولـلە و چەک لە پێشەوە بووین، لە دەنگدانیشدا لە پێشەوە دەبین".
دەنگدانەکە ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023 کاژێر 07:00ـی بەیانیی لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.