قوباد تاڵەبانی: دوای هەڵبژاردن ئەرکە لەسەر لایەنە سیاسییەکان لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا پێکەوە کاربکەن

رووداو دیجیتاڵ

قوباد تاڵەبانی بە رووداوی گوت، بەشداریی خەڵک بە جۆشەوە لە هەڵبژاردن جێگەی دڵخۆشییە و "سەرکەوتن تۆمار دەکرێت". گوتیشی، دوای هەڵبژاردنەکان ئەرکە لەسەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەگەر کێشەش لەنێوانیاندا هەبێت، لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا پێکەوە کار بکەن.
 
لە رووماڵی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان و هەوار جەلالەدین لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ 04:00ـی ئێوارە پێشکێشی دەکەن، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان قەزاکانی خانەقین و کەلار سەرقاڵی هاندانی هاونیشتمانیان بوو بۆ دەنگدان، بە تەلەفۆن بەشداریکرد و گوتی، ئەو گەرم و گوڕییەی لە خانەقین و رێگەی کەلار دەیبینێت بۆ دەنگدان "پێویستی بە هاندان نییە."
 
تاڵەبانی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە گوتی، "من، پێموایە رێژەی دەنگدان باش دەبێت؛ ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیبینین جوڵەیەکی دڵخۆشکەرە، پێموایە خەڵک هەستی بە مەترسی کردووە، کە ئەم هەڵبژاردنە هەستیار و چارەسنووسازە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لەو ناوچانەدا."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەنگدانی هاونیشتمانیان دەبێتە هۆی دووپاتکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی، "ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنین و سەرکەوتن تۆماردەکەین". گوتیشی، بە دەنگدانی هاونیشتمانییان دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ کورد لە کەرکووک و هەموو ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی باشووری کوردستان.
 
جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت، بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنەکان، ئەرکە لەسەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر کێشەش لەنێوانیاندا هەبێت، لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا پێکەوە کار بکەن.
 
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، جارێ زووە باسی ئەنجامەکان بکەن و گوتی، "نابێت کەسمان لەم پرۆسەیەدا کەمتەرخەم بین، هەمووان کار بکەین پێموایە ئەنجامەکان دڵخۆشکەر دەبن، نابێت بەم جۆش و خرۆشە بڵێین بەسە، چونکە کاتی زۆر ماوە بۆ دەنگدان."
 
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لەنێوان کەلار و خانەقین، پەیوەندی بە هاونیشتمانیانەوە کردووە و بەشێکیان گوتوویانە دەنگیان داوە و بەشێکیشیان گوتوویانە لە رێگەدان بۆ دەنگدان. گوتیشی. "ئەوانەی دەنگیان داوە، یەک کەس نەیگوتووە تووشی کێشە بووە لەکاتی دەنگداندا."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردستان کرد و گوتی، ئەگەر کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان بەهێز نەبێت، لە بەغداش بە‌هێز نابێت.
 
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی، لایەنەکان ئێستا سەرقاڵی هەڵبژاردن و لیستەکانیانن و دوای هەڵبژاردن "بیر لە شتی دیکە دەکەنەوە."
 
دەنگدانەکە ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023 کاژێر 07:00ـی بەیانیی لە 15 پارێزگای عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و بەردەوام دەبێت تاوەکو کاژێر 06:00 ئێوارە.
 
ئەمڕۆ 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس لە 15 پارێزگادا مافی دەنگدانیان هەیە، لەگەڵ ملیۆنێک و 50 هەزار دەنگدەری تایبەت کە بە کۆی گشتی دەبێتە 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر و 16ـی ئەم مانگە دەنگدانە تایبەتەکە بەڕێوەچوو.