کێشی کۆڵبەران لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دیاری دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی کارتیان بۆ دروستکرا و کارەکەیان بوو بە فەرمی، ئەو کەسانەی لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە کاری کۆڵبەری دەکەن، نابێ کۆڵەکەیان 15 کیلۆگرام زیاتر بێت.
 
سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆڵبەرەکان کێشی کۆڵەکەیان بە فەرمی بۆ دیاریکراوە، کە نابێت زیاتر بێت لە 15 کیلۆگرام".
 
لەبارەی ئەو شتومەکانەی کە زیاتر هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە بە کۆڵ دەیبەن، گوتەبێژی حاجی ئۆمەران گوتی: "کۆڵبەرەکان بەهۆی دیاریکردنی کێشی کۆڵەکەوە کەرەستەیەک دەبەن بتوانن بڕە پارەیەک قازانج بکەن، ئێستا زیاتر تۆوی چا و قوماشی ئافرەتان دەبەن".
 
لەبارەی بردنی برنج و خۆراکەوە کە ئێستا نرخیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە، گوتەبێژی حاجی ئۆمەران گوتی: "بردنی برنج یان جۆرەکانی دیکەی خواردن قەدەخە نییە، بەو مەرجەی بڕی دیاریکراوی تێپەڕ نەکردبێ".
 
سیروان حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد،  هاتووچۆی کۆڵبەران دیاریکراوە بەو ئامانجەی قەرەباڵخی لە سنوور دروست نەبێ، ئەویش رۆژانە هاتووچۆی هەزار کۆڵبەرە.
 
ئێستا لە هەفتەیەکدا شەش رۆژ کۆڵبەران دەتوانن لە دەروازەی حاجی ئۆمەران کۆڵ بگوازنەوە و تەنیا رۆژانی هەینی رێگەیان پێنادرێت.