فێستیڤاڵی پەتاتە لە دهۆک کۆتاییهات: 'نزیکەی 8 تۆن پەتاتە فرۆشرا'
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک رایگەیاند، فێستیڤاڵی پەتاتە لە پارێزگای دهۆک کۆتاییهات و نزیکەی 8 تۆن پەتاتە فرۆشرا.
فێستیڤاڵەک لە 15ی مانگ دەستیپێکرد و بڕیار بوو سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و بارانبارینەوە ماوەکەی بۆ دوو رۆژ کەمکرایەوە."
15 جووتیاری نموونەیی پارێزگای دهۆک بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "نزیکەی 12 کۆمپانیای تایبەت بە چاندن و پیشەسازیی پەتاتە بەشدار بوون؛ ئەوانی دیکەش بە بەروبوومی جۆراوجۆر بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کردبوو."
بە گوتەی ئەحمەد جەمیل، فێستیڤاڵەکە زۆر بە باشی پێشوازیی لێکرا. گوتیشی: "8 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە ماوەی 2 رۆژدا سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد."
بۆ نمایشکردنی بەرهەمەکان 50 کەپر ئامادەکرابوون. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک گوتی: "مەبەستی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە ناساندنی بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی پارێزگای دهۆک بوو، بەتایبەتی جۆرەکانی پەتاتە؛ بۆ ئەوەی ئەو جۆرە پەتاتە نوێیانە بە رێگەی زانستی نیشان بدرێن."
ئەحمەد جەمیل، گوتیشی: "تەنیا ئەمساڵ 588 هەزار تۆن پەتاتەمان بەرهەم هێناوە، کە 86 هەزار تۆنی بۆ خواروو و نێوەڕاستی عێراق نێردراوە."