حەج و عومرە: 110 مامۆستای ئایینی بێبەرامبەر حەج دەکەن و رێنوێنیکاری حاجییان دەبن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بكرێ کە یاوەری گەشتی حەجی ساڵی داهاتوو دەکەن و بریتین لە 110 مامۆستای ئایینی و 110 کۆمپانیا. گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، تێچووی حەجی مامۆستایانی ئایینی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ساڵی نوێ، 110 مامۆستای ئایینی ئەمڕۆ ناوەکانیان بە فەرمی بەشێوەی ئەلیکترۆنی رادەگەیێندرێت، کە بێ بەرامبەر حەج دەکەن و دەبنە مورشیدی حاجییان".
ئەو مامۆستا ئاینییانەی ئەمڕۆ ناوەکانیان دەردەچێت، پێشتر بە تاقیکردنەوەیەکی تایبەت بە رێنوێنیکاریی حاجییاندا تێپەڕیون و ناویان تۆمار کردووە.
ئەم ساڵ زیاتر له 157 كۆمپانیا ناویان تۆمار کردووە و دوای تاقیكردنهوه و ههڵسهنگاندن بۆ وهرزی حهجی داهاتوو، نزیكهی 110 كۆمپانیا بهشداری پرۆسهی حهج دهكهن.
کاروان ستوونی گوتی: "حەجی کۆمپانیاکانیش بێبەرامبەر دەبێت و ئەو 110 کۆمپانیایە ئەرکیان هاوەڵیکردنی حاجییان دەبێ، هەریەکە و 46 بۆ 48 کەسیان لە ئەستۆ دەبێت و لەگەڵیان دەبن بۆ هاتووچۆ و هەموو ئاسانکارییەکی دیکەی پێویست بۆیان".
لە 16-11-2025، لە رێوڕەسمێکدا بەشێوەی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە ناویان تۆمار کردبوو بچنە حەجی ساڵی داهاتوو، کە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ چوونە حەج 5 هەزار و 135 کەسە.
ناونووسین بۆ چوونە حەجی 2026 لە 11ـی ئەیلوول دەستیپێکرد و کاژێر 12:00ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2025 کۆتایی هات؛ 89 هەزار و 893 کەس ناویان بۆ چوونە حەج تۆمار کردبوو.