عێراق دەرفەتێک بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا لە دەرەوە دەڕەخسێنێت و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق دەرفەتێکی دیکە بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە دەرەوەی وڵات دەڕەخسێنێت و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. سوودمەندبوویەکی دەرفەتەکە دەڵێت: "هەلێکی زۆر باشە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان، چونکە عێراق سەرجەم تێچووەکەی دەدات".
 
ستەم کامیل، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی شاهانەی بەریتانیا و یەکێک لەوانەی لە دەرفەت (سکۆلەرشیپ)ـەکەی حکومەتی عێراق سوودمەند بووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرەتای ساڵی نوێ حکومەتی عێراق چوارەم راوندی خوێندنی باڵا لە دەرەوە رادەگەیێنێت، کە هەزار کورسی دەبێت و بەشێکی پشکی هەرێمی کوردستانە".
 
لە سێ قۆناخی یەکەمدا لەو خوێندکارانەی خوێندنی باڵا چوونەتە دەرەوەی وڵات نزیکەی 200 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە سوودمەند بوون.
 
ستەم کامیل گوتی: "خوێندکاران لەسەر توانا و لێهاتووی خۆیان وەردەگیرێن و دەتوانن داواکاری پێشکێش بکەن نەوەکو گەندەڵی و ناسینی بەرپرسان، بۆیە زۆر گرنگە گەنجانی هەرێمی کوردستانیش فۆڕم پڕبکەنەوە و بتوانن سوود لەو دەرفەتە وەربگرن".
 
لەبارەی تێچووی خوێندنەکەوە ستەم کامیل کە لە بەریتانیاوە گوتی: "پارەی خوێندن، بیمەی تەندروستی، خەرجیی تیکتی هاتووچۆ و بژێوی مانگانەش لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە".
 
سکۆلەرشیپەکە لە رێگەی لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن لە عێراق سەرەتای ساڵی نوێ رادەگەیێندرێت و پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا پارێزراوە.
 
ستەم کامیل دەڵێت: "لە کاتی بردنەوەی سکۆلەرشیپەکەدا، بەربژێر دەبێت لە ماوەی دوو ساڵدا قبوڵی خوێندن لە زانکۆیەکی باوەڕپێکراوی دەرەوەی وڵات بەدەستبهێنێت، ئەگەر نەیتوانی لەو ماوەیەدا رەزامەندنی زانکۆیەک وەربگرێت، ئەوا کورسی خوێندنەکەی لە دەست دەدات".