سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: هەفتەی داهاتوو 120 ملیار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێرین
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی مانگی تشرینی یەکەم بۆ بەغدا دەنێرن. گوتیشی: "ئەگەر رێکارەکان تەواو بن، ناردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە."
رۆژی پێنجشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی مانگی 10 بۆ بەغدا دەنێرین؛ پارەکە ئامادەیە، بەڵام هەندێک رێکاری گواستنەوە ماون."
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، "ئەگەر رێکارەکان تەواو ببن، ناردنی پارەکە دەکەوێتە رۆژی یەکشەممە، ئەگەرنا رۆژی دووشەممە بە دڵنیاییەوە دەینێرین."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە و عێراق داوای داهاتی نانەوتیی کردووە. گوتیشی، "تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10ـش بۆ بەغدا نێردراوە."
"بە ئەگەری زۆرەوە ناردنی مووچەی مانگی 10 لەلایەن بەغداوە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو." ئەمەمە بەگوێرەی سەرچاوەکە.
16ـی ئەم مانگە لیستی مووچەی مانگی 12 بۆ بەغدا نێردرا و رۆژی 7-12-2025یش لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ رۆژی 25-11-2025یش لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەغدا کرا.
29ی تشرینی دووەمی 2025 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.