شەش گوندی دیکەی هەورامان لە لیستی میراتە نیشتمانی ئێران تۆمار دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بنکەی جیهانیی ئاسۆی کولتووری، سرووشتی و مێژوویی هەورامان لە پارێزگای کرماشان رایدەگەیێنێت، دۆسیەی شەش گوندی دیکەی ناوچەکە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی لە لیستی ئاسەواری نیشتمانیی ئێران تۆمار بکرێن.
سەیفوڵڵا رەنجبەر، بەڕێوەبەری بنکەی جیهانیی ئاسۆی کولتووری، سرووشتی و مێژوویی هەورامان لە پارێزگای کرماشان بە ئاژانسی ئیسنای ئێرانی راگەیاند، دۆسیەی گوندەکانی (تین، سپی ئاو، زەردۆیی) لە سنووری پاوە و گوندەکانی (قەڵاجێ، کڵاشی لۆلم و شاڵگە) لە سنووری جوانرۆ ئامادەکراون بۆ ئەوەی وەک ئاسەواری نیشتمانی تۆمار بکرێن.
بەگوتەی سەیفوڵڵا رەنجبەر، هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی کۆچی (کۆتایی زستان) دۆسیەی تۆمارکردنی ئەو شەش گوندە رەوانەی وەزارەتی میراتی کولتووری و گەشتیاریی ئێران بکرێت.
پێوەرەکانی تۆمارکردن چین؟
بۆ ئەوەی گوندێک بچێتە لیستی ئاسەواری نیشتمانیی ئێرانەوە، دەبێت خاوەنی چەند تایبەتمەندییەک بێت. بەڕێوەبەری بنکەی جیهانیی هەورامان دەڵێت، بۆ ئەو گوندانە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم لایەنانە کراوە: شێوازی تەلارسازی و بیناسازی، دیمەنی کولتووری و میراتە سرووشتییەکان، ئاسەوار و شوێنەوارە مێژووییەکان، ئەنترۆپۆلۆژیای گوندەکان و داب و نەریت و رێوڕەسمە کۆنەکان و کولتووری ناوچەیی.
پێشتر هەریەک لە گوندەکانی "هەجیج، داریان، شەرکان، نەجار و نروێ" لە سنووری شاری پاوە و گوندی "بەشی ناوخاس" لە سنووری شاری سەلاسی باوەجانی وەک ئاسەواری نیشتمانی تۆمارکراون.
کاریگەریی تۆمارکردنەکە چییە؟
لە ئێران هەر گوندێک وەک ئاسەواری نیشتمانی تۆمار بکرێت، دەخرێتە ژێر چەتری پاراستن و چاودێریی رێکخراوی میراتی کولتووری و گەشتیاری. بەپێی یاسا هیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە دەستکاریی پێکهاتە و شوناسی ئەو گوندانە بکات، هەر جۆرە نۆژەنکردنەوە و چاکسازییەک لە بینا و ماڵەکاندا دەبێت بە مۆڵەت و چاودێریی کارناسانی دەستەی گەشتیاری بێت و هەر سەرپێچییەک لەو رێکارانە، سزای یاسایی بەدوادادێت.
ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای کرماشان و سنە، خاوەنی سرووشت و تەلارسازییەکی ناوازەیە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن.
لە ساڵی 2021 و لە 44ـەمین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیهانیی یونسکۆ لە چین، ناوچەی هەورامان وەک میراتێکی بەنرخی جیهانی تۆمار کرا.