گەنجێکی کورد لە پاڵەوانێتییەکی وەرزشیی نێودەوڵەتی یەکەم بوو؛ 'لە 13 ساڵی کاری خەباتەی کردووە'

 
رووداو - سۆران

گەنجێکی کوردی دانیشتووی ئیدارەی سۆران لە پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیی هونەرە جەنگییەکان لە ئیمارات بەشداریی کرد و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا؛ لەکاتی گەڕانەوەشی لەلایەن کاربەدەست و وەرزشکارانی سۆرانەوە پێشوازیی لێکرا.
 
محەممەد ساڵح ئەو گەنجەی سۆرانە کە لەو پاڵەوانێتییە لە ئیمارات پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، تەمەنی 18 ساڵە و ژمارەی سەرکەوتنەکانی نزیکە لە ساڵەکانی تەمەنی.
 
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران لەبارەی سەرکەوتنی ئەو گەنجە گوتی، "شانازی دەکەین وەکو ئیدارەی سۆران، بۆیە لێرە بەرپرسە ئیدارییەکان و وەرزشکاران هەموومان کۆبووینەتەوە تاوەکو پێشوازی لە کاک محەممەد بکەین، ئەمە شانازییە بۆ ئیدارەی سۆران کە یاریزانێکی لێ هەڵکەوتووە بگاتە ئاستی نێودەوڵەتی."
 
محەممەد تاوەکو ئێستا لە 13 پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی بەشداریی کردووە، خاوەنی پێنج ریکۆردی جیهانییە. محەممەد دەڵێت، "لەو 13 پاڵەوانێتییەی بەشداریم کردووە، لە هەموویان ئاڵای کوردستانم بەرزکردووەتەوە، ئامانجم ئەوەیە بگەمە (UFC) بە پاڵپشتیی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، باوکم و ئەو کەسانەی لە دەوروبەرمن، هەوڵدەدەم بە گەیشتنم بە (UFC) کورد بە جیهان بناسێنم."
 
چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو گەنجە سەرنجڕاکێشە، رووبەڕووبوونەوە و کێبڕکێی لەگەڵ منداڵانی گەڕەک و کاری سەختی کرێکاری رۆڵیان لە پێگەیشتنیدا هەبووە.
 
ساڵح عەبدوڵڵا، باوکی محەممەد دەڵێت، "محەممەد بە منداڵی وزەیەکی لەڕادەبەدەری هەبوو، جاری وا هەبووە ویستوویەتی بەشداریی کێبڕکێ بکات و نەمتوانیوە بینێرم لەبەر نەبوونی پارە، جاری واش هەبووە بۆ بەشداریپێکردنی پارەم بۆ قەرز کردووە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا کاری خەباتەم پێکردووە، تاوەکو ئەم دواییەش لەگەڵ من شێلم و پاقلەی دەفرۆشت."
 
یاریزان و ئارەزوومەندانی دیکەی هونەرە جەنگییەکان لە سۆران هەن، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە بە ئاست و ئەنجام وەکو ئەو پاڵەوانە بن.