کەشناسیی عێراق: پێشبینیی دەکرێت لە کەرکووک و موسڵ بەفر ببارێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی عێراق هۆشداری لە "سەختترین شەپۆلی سەرما" لەم وەرزەدا دەدات پێشبینی دەکرێ لە رۆژی سێشەممەوە دەستپێبکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "شەپۆلەکە بەجۆرێک دەبێت پێشبینی دەکرێ لە کەرکووک، موسڵ و ئەنباریش بەفر ببارێ."
 
رۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، عامر جابری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینییەکانی کەشوهەوا دەریدەخەن کە عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی هەوای ساردی کەم وێنەوە."
 
عامر جابری گوتی: "کاریگەریی ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە و بەیانیی رۆژی چوارشەممەوە دەستپێدەکات و بۆ چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت. ئەمە بە سەختترین شەپۆلی سەرما دادەنرێ ئەم وەرزە تۆمار بکرێ".
 
پلەی گەرما زۆر دادەبەزێ
 
سەبارەت بە پلەی گەرما، گوتەبێژی کەشناسیی عێراق گوتی، زۆر دادەبەزێ بە جۆرێک لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر سفر و لە بەشێکی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووریش لە کاتەکانی بەیانی و شەودا لە نزیک سفر دەبێ.
 
بەفربارین لە کەرکووک 
 
عامر جابری ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکرێ رۆژی پێنجشەممە بەفربارین دەستپێبکات و تەنیا چیا و ناوچە بەرزەکان نەگرێتەوە، "بەڵکو بگاتە شارەکانی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی باکووری عێراق، بەجۆرێک کە پێشبینی دەکرێ لە شارەکانی موسڵ و کەرکووکیش بەفر ببارێ، تەنانەت ئەگەری بەفربارینی کەم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنباریش هەیە".
 
دروستبوونی شەختە و ئاستەنگی هاتووچۆ 
 
گوتەبێژی کەشناسیی عێراق هۆشداری دەداتە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان و دەڵێ: "لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق شەختە دروست دەبێت و هەربۆیە پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداربن. هەروەها لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و بارینی بەفری چڕیش لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێتە هۆکاری ئاستەنگی هاتووچۆ."