نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان دابەزی؛ کەی هەناردەی عێراق دەکرێ؟
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، نرخی مریشک دابەزیوە و هێشتا هەناردەکردن دەستی پێنەکردووە بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق. وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێ، رێککەوتن کراوە.
لە هەرێمی کوردستان، خواستی زۆر لەسەر مریشکی زیندووە بەراورد بە بەستوو. بۆ دابینکردنی مریشکیش هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن. وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "بەرهەمی هەرێمی کوردستان دەتوانێ بازاڕەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقیش پڕبکاتەوە".
نرخی مریشک دابەزیوە
عومەر محەممەد، فرۆشیاری مریشک لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی مریشک دابەزیوە و کیلۆی لەنێوان 2500 بۆ 2600 دینارە".
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مریشک لێرە زیاتر دابەزیوە و کیلۆی دەدرێتە 2 هەزار و 350 دینار".
سەرەتای ئەم مانگە کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 3000 بۆ 3250 دینار دەگەیشتە دەستی هاونیشتمانییان.
وەزیری کشتوکاڵ: بۆ هەناردەی مریشک رێککەوتن کراوە
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ عێراق لەبارەی هەناردەکردنی مریشک و بەگشتی بەربوومە پەلەوەرییەکان رێککەوتنمان کردووە و کارئاسانی تەواو بۆ هەناردەکردنی دەکەین".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: "وەک وەزیر، رێکارەکانم پەسندکردوون و لەگەڵ عێراق بەشمان کردوون بۆ ئەوەی رێکارەکانی چۆنێتی ناردنی بەرهەمی وەک مریشکی زیندوو و بەستوو بگیرێتەبەر و لێرەش هیچ گرفتێک دروست نەبێت و دادپەروەریی تەواو بۆ هەناردەکردن لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەبێت".
09ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، هاوردەکردنی هەموو جۆرە مریشکێکی بەستووی قەدەخە کرد و رایگەیاند، دوای 45 رۆژ بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
کێڵگە پەلەوەرییەکان: هەناردەی مریشک بۆ ئێمە گرنگە
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەناردەی فەرمی دەستی پێنەکردووە، نرخی مریشک دابەزیوە و لە کێڵگەکان کیلۆی بە 2 هەزار و 150 دینار فرۆشراوە، ئەوەش زیانە بۆ خاوەن کێڵگەکان".
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە گوتی: "چەند مانگێک پێش ئێستا بارهەڵگرێک مریشک بە نزیکەی 3 ملیۆن دینار رێگەی دەدرا ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی عێراق، کە بازگەکانی عێراق وەک سەرانە وەری دەگرن. نزیکەی مانگێکە ئەوە خاو بووەتەوە و ئێستا ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار دینار وەردەگرن".
بە گوتەی نازم عەبدوڵڵا، بە فەرمی رێگەی هەناردەی مریشک بدرێت بۆ خاوەن کێڵگەکان باش دەبێت و ئیدی پارە وەک "سەرانە" نادەن؛گوتیشی: "بەرهەمی هەرێمی کوردستان زۆر زۆرە، بۆیە ئێستاش نرخی دابەزیوە و بەرهەمەکە زۆرە و خواست کەم".
کشتوکاڵ: کاردەکەین دوای هەناردە نرخ بەرز نەبێتەوە
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی وەزارەتەکەیان ئەوەیە بتوانن پێداویستی نێوخۆی عێراق لە مریشکی زیندوو و بەستوو پڕبکەنەوە بەبێ ئەوەی کاربکاتە سەر نرخ لە نێوخۆدا.
هەروەها جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتی: "رێکاری باش گیراوەتە بەر بۆ ئەوەی هەناردەی مریشک کار نەکاتە سەر نرخەکەی لە بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و نرخ بەرز نەبێتەوە".
لەبارەی رێکارەکانیشەوە بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتی: "بڕێک دیاری دەکەین بۆ هەناردە بەشێوەیەکی دادپەوەر لە هەرێمی کوردستان و رێگە نادرێ لەو بڕە زیاتر هەناردە بکرێت، ئەمەش بەو ئامانجەی نرخی مریشک لەنێوخۆدا بەرز نەبێتەوە".
کەی مریشک هەناردە دەکرێ؟
وەک وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، هەموو رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانیان تەواو کردووە بۆ هەناردەکردنی مریشک و ئەو نووسراوەکانی واژۆ کردووە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتی: "چاوەڕوانی فەرمانین لە سەرووی خۆمانەوە بۆ هەناردەی مریشک. هەر کاتێک فەرمان کرا، هەموو شتێک ئامادەیە و رێکارەکانی ناردنی مریشک دەچێتە جێبەجێکردنەوە".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
ژمارەی پەلەوەرخانەکان بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
- سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
- دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
- هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە