عەلی حەمەساڵح بۆ رووداو: یەکێتی و نەوەی نوێ دەیانەوێت لەگەڵ پارتی حکومەت پێکبهێنن

 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، دوێنێ و ئەمڕۆ لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کۆبوونەوەیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێتی و نەوەی نوێ دەیانەوێت لەگەڵ پارتی حکومەت پێکبهێنن."
 
دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان؛ عەلی حەمە ساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ عێراق هاوکاری و هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەن.
 
سەبارەت بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەلی حەمەساڵح گوتی، "بڕیارمان وایە ناچینە نێو دەسەڵات لەگەڵ پارتی و یەکێتی. راستە پێمان گوتراوە بۆ رۆشتن لەگەڵ لایەک، بە دڵنیایی ئێمە ئۆپۆزیسیۆن دەبین و ناچینە حکومەت."
 
بە گوتەی بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، ئەوەی ئەو زانیویەتی، "بەرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێ دەیانەوێت لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان حکومەت پێکبهێنن،" دەڵێت: ئێمە ناچینە حکومەتی پارتی و یەکێتی و کۆتایی بە ئۆپۆزیسیۆن بهێنین."
 
کۆتایی هەفتەی رابردوو شاسوار عەبدولواحید لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای ئازادبوونی لە زیندان چاڵنجی لایەنەکانی کرد و بافڵ تاڵەبانی وەڵامی دایەوە. لە رۆژی شەممە کۆبوونەوەی نەوەی نوێ و یەکێتی لە سلێمانی کرا و بەرەیەکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاندووە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو، بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە عەلی حەمەساڵحەوە کردووە و پێی راگەیاندووە دەبێت بچێتە نێو بەرەکەی ئەوانەوە. 
 
عەلی حەمەساڵح جەختی لەوەش کردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بیەوێت زۆرینە دروست بکات، "لەگەڵی نابین."