فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان: بەشداریی کابینەی دەیەم ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بڕیاری کۆتاییان داوە و بەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، "هیچ پەیوەندییەکمان پێوە نەکراوە و ئەگەر پەیوەندیش بکرێت، وەڵامەکەمان هەر نەخێرە."
مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "هەر لە سەرەتاوە کە سوێندی یاساییمان خوارد، بڕیارمان دا ببینه ئۆپۆزیسیۆن. تاوەکو ئێستاش هیچ پەیوەندییەکمان پێوە نەکراوە بۆ بەشداریکردن. ئەگەر پەیوەندیشمان پێوە بکرێت، وەڵامی ئێمە روونە و بەشداری ناکەین."
سەبارەت بە نزیکبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەک، مستەفا عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئازادن چۆن مامەڵە دەکەن، بەڵام بە بڕوای ئەو "ئەم هاوپەیمانێتییە بۆ ئەوە نییە بە تەنیا حکومەت دروست بکەن، چونکە کورسیی پێویستیان نییە (50+1)، بەڵکو زیاتر بۆ بەهێزکردنی وەرەقەی دانوستاندن و گفتوگۆیانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو رەتیکردەوە بڕیاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت بە مانای "رازیبوون" بێت بە حوکمڕانیی پارتی، سەبارەت بە ئامادەییشیان بۆ دانیشتنی پەرلەمان گوتی، "سوێندمان خواردووە و مووچە وەردەگرین، ئەرکمانە بچینە هۆڵی پەرلەمان. هەر کاتێک بەتەمەنترین پەرلەمانتار یان سەرۆکی پەرلەمان بە شێوەیەکی یاسایی داوای دانیشتن بکات، ئێمە ئامادە دەبین."
مستەفا عەبدوڵڵا هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی ناوچەکە، رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریاوە، داوای کرد لایەنەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان. هەروەها رایگەیاند، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان "بە یەک وەرەقەی دانوستاندن و یەک گوتاری نیشتمانی بچنە بەغدا."