کۆمەڵ: ناچینە نێو بەرەیەک دەسەڵات دروستی کردبێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ دەڵێت، هیوادارن نزیکبوونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ نەبێتە هۆی قووڵترکردنەوەی دوو ئیدارەیی، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە سوورن لەسەر بایکۆتکردنی پەرلەمان.
 
رۆژی دووشەممە 19-1-2026، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی راگەیاندنی بەرەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ بۆ پێکهێنانی حکومەت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە رێز لە رێککەوتنی لایەنەکان دەگرین؛ هەر هەوڵێک بە ئاراستەی ئەوەی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی یەکگرتوو و دادگەر و پەرلەمانێکی کارای هەبێت، بە هەنگاوێکی باشی دەزانین."
 
سەرەڕای ئەوەش، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ هۆشداری دەدات و دەڵێت: "هیوادارین ئەو رێککەوتنانە نەبنە مایەی ئەوەی درزەکانی هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارەیی قووڵتر بکەنەوە و کێشەکان زیاتر بکەن."
 
بە بڕوای عەبدولستار مەجید، بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و عێراق، پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن هەموویان بەیەکەوە خاوەنی یەک بەرنامە و پڕۆژە بن.
 
لە وەڵامی ئەوەی ئایا کۆمەڵی دادگەری بەشداری لە بەرەکەی نەوەی نوێ و یەکێتی دەکات یان دەچێتە پاڵ پارتی، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئێمە ناچینە هیچ بەرەیەک کە دەسەڵات دروستی بکات، چونکە ئێمە لە بنەڕەتدا ئۆپۆزسیۆنین."
 
سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستانیش، جەختی کردەوە کە حیزبەکەیان هێشتا سوورە لەسەر بڕیاری بایکۆتکردن و گوتیشی: "ئەو پەرلەمانە زیاتر لە ساڵێکە بەسەر هەڵبژاردنیدا تێدەپەڕێت، بەڵام نەیتوانیوە سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێرێت، نەیتوانیوە یاسایەک دەربکات، تەنانەت کۆبوونەوەیەکیش بکات."
 
نزیکبوونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ دوای ئەوە هات، کۆتایی هەفتەی رابردوو شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ چاڵنجی لایەنەکانی کرد و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی وەڵامی دایەوە. رۆژی شەممەش لە سلێمانی کۆبوونەوە و بەرەیەکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت راگەیاند.