سەرۆکی پارتی ئاشتیی دیموکراتیی کوردستان: سوپای سووریا نەهاتووەتە نێو رۆژئاوای کوردستان


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی ئاشتیی دیموکراتیی کوردستان رەتیدەکاتەوە سوپای سووریا چووبێتە نێو سنووری رۆژئاوای کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانجی سەرەکیی رێککەوتنەکەی دوێنێ "راگرتنی خوێنڕشتن و رێگری بووە لە کارەساتێکی مرۆیی."
 
رۆژی دووشەممە، 19-1-2026، تەڵاڵ محەممەد، سەرۆکی پارتی ئاشتیی دیموکراتیی کوردستان و سەرکردە لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە)، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و شەڕی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای عەرەبیی سووریا قسەی کرد. 
 
"سوپای سووریا نەچووەتە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان"
 
تەڵاڵ محەممەد ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە کۆنترۆڵکردنی بەشێکی جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان لەلایەن حکومەتەوە دەکەن و گوتی: "ئەوەی لە میدیاکان دەگوترێت راست نییە؛ سوپای سووریا نەهاتووەتە نێو سنووری رۆژئاوای کوردستان." 
 
تەڵاڵ محەممەد گوتی: "سنووری پارێزگای حەسەکە ئارامە و سنووری نێوان هەسەدە و هێزەکانی سەربە حکومەت، ئێستا شەدادە".
 
ئەو سەرکردەیەی مەسەدە روونیکردەوە، جووڵە سەربازییەکان و ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکە لە دەرەوەی جوگرافیای رۆژئاوای کوردستان بووە و گوتی: "شەڕەکە لە باشووری رەققە، تەبقە و دێرەزوور بووە. هەسەدە لەو ناوچانە پاشەکشەی کردووە بۆ ئەوەی شەڕەکە نەگوازرێتەوە بۆ نێو شارە کوردنشینەکان".
 
ئامانجی رێککەوتنەکە: پاراستنی خەڵک
 
سەبارەت بە هۆکاری قبووڵکردنی مەرجەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن هەسەدەوە، تەڵاڵ محەممەد گوتی: "کاری لەپێشینەی ئێمە پاراستنی ژیانی خەڵک بوو. لەو ناوچانە ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی عەفرین و سەرێ کانی هەن، ئەگەر شەڕ بەردەوام بووایە، کارەساتێکی مرۆیی گەورە رووی دەدا و خەڵک جارێکی دیکە تووشی ئاوارەیی دەبوون، بۆیە بڕیاری راگرتنی شەڕ بڕیارێکی بەرپرسانە بوو؛" گوتیشی "بۆ کورد وەستانی شەڕ زۆر گرنگ بوو، ئەگەر بەردەوام بووایە، شەڕێکی نێوخۆیی فراوان روویدەدا و دەبووە شەڕی ناسنامە". 
 
"مەرسووم بەس نییە، دەستوورمان دەوێت"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، تەڵاڵ محەممەد باسی لەو مەرسوومە کرد کە سەرۆکایەتیی سووریا تایبەت بە مافی کورد دەریکردووە و گوتی: "ئێمە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ دروستکردنی متمانە سەیری دەکەین، بەڵام ئەمە بەس نییە. مەرسووم بە بڕیاری سەرۆک دەردەچێت و دەکرێت بە بڕیارێکیش هەڵبوەشێنرێتەوە."
 
ئەو بەرپرسە گوتی: "داواکاریی کورد روونە؛ دەبێت مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانمان لە دەستووری هەمیشەیی سووریادا بچەسپێندرێن. ئێمە نامانەوێ وەک میوان لەم وڵاتەدا مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت، بەڵکو هاوبەشی راستەقینەین."
 
چارەنووسی ئیدارەی خۆسەر
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە چارەنووسی دامەزراوەکان، خوێندن و شێوازی بەڕێوەبردن لە دوای ئەم رێککەوتنە، تەڵاڵ محەممەد دانی بەوەدا نا کە "پرسیار و دڵەڕاوکێ لای خەڵک هەیە"، بەڵام دڵنیاییدا کە ئەوەی کراوە رێککەوتنێکی سەربازییە.