کانتۆنی جزیرێ چەکهەڵگرتنی گشتی "بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش" رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وێڕای ئەو رێککەوتنی ئاگربەستەی رۆژی یەکشەممە لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و دیمەشقدا راگەیێندرا، کانتۆنی جزیرێ کە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە، چەکهەڵگرتنی گشتیی بۆ بەرپەرچدانەوەی سوپای عەرەبیی سووریا راگەیاند.
حەسەن شرۆ و ڤیڤیان بەحۆ، هاوسەرۆکەکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرێ لە بارەگای ئەنجوومەنەکە لە شاری قامشلۆ راگەیێندراوەکەیان بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی خوێندەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم چەکهەڵگرتنە گشتییە ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە بۆ پاراستنی گەلەکەمان و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان، هەروەها بۆ بەهێزکردنی رۆحی بەرخودان و بەرگریی رەوا لە خاک و شکۆمەندی."
ئەم هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ 13یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە کانتۆنی جزیرێ جەختی لەوە کردووەتەوە کە پابەندی دەستکەوتەکانی "شۆڕشی رۆژئاوا و 19ی تەممووز" دەبێت، کە بە "بەرهەمی قوربانیدانێکی گەورە و خەباتێکی درێژخایەن دژی ستەمکاری و تیرۆر" ناوی بردووە.
لەبارەی چارەسەریی سیاسییەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لایەنگری ئاشتین، بەڵام ئاشتیی راستەقینە بێ بەرگریکردن لە خۆت بەدی نایەت. ئەگەر شەڕمان بەسەردا بسەپێنرێ یان هەبوون و مافی گەلەکەمان بکرێتە ئامانج، ئەوا ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرگریی رەوا."
هاوسەرۆکەکانی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کانتۆنی جزیرێ داوای چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە دەکات لە چوارچێوەی "سووریایەکی دیموکراسی فرەلایەن"دا و رایگەیاندووە: "هێزی ئێمە لە یەکێتیی پێکهاتەکانماندایە؛ کورد، عەرەب، سریان و ئاشووری، خوێنی شەهیدانمان لەم خاکە تێکەڵ بووە."
بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر رایگەیاندووە کە چەکهەڵگرتنی گشتی "تاوەکو سەقامگیربوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە" بەردەوام دەبێت.