خوێندنی باڵا: هەرکەس دەیەوێت ببێتە سەرۆکی ئەم دوو زانکۆیە سی ڤی بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پۆستى دوو سەرۆکى زانکۆى حکومى رادەگەیێنێت و دەڵێت، هەرکەس مەرجەکانی تێدایە دەتوانێت سی ڤیی خۆی پێشکێش بکات. پۆستەکان بۆ سەرۆکی زانکۆکانی گەرمیان و هەڵەبجەن و بۆ جاری یەکەمە رادەگەیێندرێت.
ئەو کەسانەی سی ڤی پێشکێش دەکەن، پێویستە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بن و نازناوی زانستییان لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر کەمتر نەبێت. یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە خزمەتی لە 10 ساڵ کەمتر نەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆمەڵێک تێبینیشی لەسەر پرۆسەکە بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: ئەو کەسەی داواکاری پێشکێش دەکات باشترە دید و بۆچوون و بەرنامەى کاری خۆى پێشکێش بکات بۆ بەرەوپێشبردنى زانکۆ بۆ ئەو چوار ساڵەى کە پۆستەکەى وەردەگرێت.
زانینی زمانى ئینگلیزى و شارەزایی لە بەکارهێنانى تەکنەلۆجیاى بوارى خوێندن و فێرکردن و کارایی بڵاوکردنەوەى توێژینەوەى زانستى، بەپێی خوێندنی باڵا، هەلى زیاتر بۆ پێشکێشکار دەڕەخسێنێت.
دوایین کات بۆ پێشکێشکردنی سی ڤی و پوختەی راژەی کۆتایی دەوام، رۆژی پێنجشەممە، 29ـی شوباتی ئەم ساڵ دەبێت.