دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی؛ ئەمشەو مامۆستایانی ناڕازی هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی کۆبووەتەوە و بڕیاری حکومەتی بۆ دووپاتکردوونەتەوە، کە دوای هەمواری یاسای بودجەی عێراق، پلە بەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە و وانەبێژانیش دادەمەزرێن. بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، ئەمشەو هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بایکۆتەوە رادەگەیێین.
 
دانا عەبدول، نوێنەری مامۆستایانی دامەزراو و ناڕازی لە هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەڵێنەکان باشبوون؛ هەروەها بەڵێنی پێداین داواکانی دیکەمان وەکو پێدانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بەگوێرەی قۆناخ بۆ جێبەجێ بکات".
 
لەبارەی کۆتاییهێنان بە بایکۆت، دانا عەبدول کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە گوتی: "ئەمشەو لەگەڵ دەستەی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی کۆدەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان رادەگەیێنین".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "لەدیدارم لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی بەڕێز، بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە، دوای هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز دەکرێتەوە. وانەبێژەکانیش دەکرێنە گرێبەست بەپێی رێکار و یاسا بەکارەکان و ساڵانی خزمەت".
 
یەکێکی دیکە لە مامۆستایانی ناڕازی بە رووداوی گوت، "بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمشەو یان سبەی، بایکۆت بە تەواوی هەڵدەپەسێندرێت و خوێندن ئاسایی دەبێتەوە".
 
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدایە، پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی خوێندن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نەکراونەتەوە.
 
رۆژی 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، زەنگی خوێندنی ساڵی 2023-2024 لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و بەهۆیەوە دەرگەی قوتابخانەکان لەکاتی خۆیدا نەکرانەوە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی گوت، "بایکۆت لە سلێمانی کۆتایی هاتووە و دەوام بە تەواوی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە هەڵەبجە و قەزای پشدەر 100% بایکۆت بەردەوامە؛ پەروەردەکانی دیکەش دەوام بە نیوە تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە و نیوەی مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت."
 
داوای سەرەکیی مامۆستایانی ناڕازیی دوو خاڵە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن و دامەزراوانیش داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن.
 
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بخایێنێت.
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و لە وەرزی دووەمی خوێندندان.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بایکۆت لە بەشێکیاندا بەردەوامە.