یەکێتی: بۆ هەڵبژاردن ئامادەین و سوپرایزمان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بۆردی راگەیاندنی یەکێتی دەڵێت، میدیای فەرمی و نافەرمی "هەندێك لایەن" بەپاساوی دواخستنی دانیشتنەكانی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتی كراوەتە ئامانج و دەگوترێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەترسێت، بەڵام ناڕاستە و ئەوان ئامادەن.
 
بۆردی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئەوەی ناوی هیچ حیزبێک بهێنێت لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، "كات زۆر ماوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و هەر لە ئێستاوە خۆتان بەو دەهۆڵكووتانە و هەواڵە چەواشەكارییانە ماندوو مەكەن، چونكە یەكێتی دەمێكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كردووە".
 
لەو راگەیێندراوەدا یەکێتی دەڵێت، هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، موسڵ، خانەقین و خورماتوو "سوپرایزمان دەبێت".
 
رۆژی 18ـی ئەم مانگە دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ جاری 11یەم، لەبارەی بڕیاردان بۆ دوو سکاڵای هاوشێوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنەکە، دانیشتنەکەی دواخست.
 
زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی و یەکێک لەو کەسانەی سکاڵاکەی لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کردووە، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت، "رژدین لەسەر ئەوەی سکاڵاکەمان بەپێی یاسا یەکلایی بکرێتەوە و بەهیچ شێوەیەکیش نایکشێنینەوە".
 
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای لەسەر مادەکانی (1، 9، 15، 22 و 36)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە.
 
سکاڵاکەی دیکە، لەلایەن نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکیسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمار کراوە، دادگەکە هەردوو سکاڵاکەی کردوونەتە یەک سکاڵا، بە گوێرەی زانیارییەکان رۆژی 21ی ئەم مانگە دادگە بڕیار لەبارەیەوە دەدات.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
 
چەند رۆژێكە بەشێوەی پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن بەشێك لە میدیای رەسمی و ناڕەسمی هەندێك لایەن، بە پاساوی دواخستنی دانیشتنەكانی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان یەكێتی كراوەتە ئامانج، گوایە یەكێتی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەترسێت و هەوڵی دواخستنی دەدات، لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەكارییانە، بەوانەی كە خەونەكانیان تەنها لەسەر هەواڵی چەواشە هەڵچنیوە، پێیان رادەگەیەنین كە:
 
پێشتریش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە تایبەت كەركووك، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای دەكرد ئەو بڕگە یاساییەی تایبەت بە كەركووك لاببردرێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتییەكی رەسەنی شارەكە بەتایبەت دەنگدەرانی كورد مافی بەشداریكردنی هەڵبژاردنەكانی هەبێت، هەمان دەهۆڵیان دەكوتا و گوایە یەكێتی بۆیە داوای هەمواری ئەو بڕگەیە دەكات، ترسی پێشوەختەی لەگەڵ كەمكردنەوەی دەنگەكانی و بەدەستهێنانی كورسی هەیە و نایەوێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت. كەچی دواجار هەوڵ و هەواڵە چەواشەكارییەكانتان بوونە بڵقی سەر ئاو و مایەپووچ دەرچوون.
 
بۆیە ئەمجارەش پێتان دەڵێین كاتی زۆری ماوە بۆ بانگەشە و هەر لە ئێستاوە خۆتان بەو دەهۆڵ كووتانە و هەواڵە چەواشەكارییانە ماندوو مەكەن، چونكە یەكێتی دەمێكە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكردووە و هاوشێوەی كەركووك، موسڵ، خانەقین و دووز خورماتوو، چاوەڕوانی سوپرایزبن.