زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر "قەرەبوو ناکرێنەوە"
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای کارگێڕی لە هەولێر دەڵێت، هیچ بڕیارێکیان نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
شەپۆلێکی بارانبارین لە 15ـی شوباتدا هەرێمی کوردستانی گرتەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو و بەهۆیەوە لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەوە، بەتایبەت لە شارەکانی هەولێر و کەلار.
لە هەولێر زیاتر لە 30 ئۆتۆمبێل و دەیان ماڵ بەهۆی بارانەکەوە زیانی مادی بەرکەوت. بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی شارەکە رۆژی دووشەممە، 19-02-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "قەرەبووی هیچ کەسێک ناکرێتەوە و هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیەش بەردەست نییە".
لەبارەی زیانەکانەوە لە گەرمیان، بێستوون ژاڵەیی، بەڕێوەبەری ناوەندی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە ئیدارەی گەرمیان دوێنێ بە رووداوی گوت، بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە 200 خێزان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان زیانیان پێگەیشتووە. پرۆژەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ زیانیان پێگەیشتووە و هەروەها زیان بە کەرتی رێگەوبان و شەقامەکانیش گەیشتوون.
لەبارەی جۆری زیانەکان و قەبارەی زیانەکان، ئەو بەرپرسەی ئیدارەی گەرمیان گوتی، 125 ماڵ ئاوی تێچووە و نزیکەی 100 سەر ئاژەڵ لافاو بردوونی و لەنێوچوون، هەروەها 120 سندووقی هەنگیش لەنێوچوون و بەگشتی زیانەکان نزیکەی دوو ملیار و 500 ملیۆن دینارن.
لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی سێ ساڵە (2023 ،2024 و 2025 ) 500 ملیار دینار بۆ بودجەی فریاگوزاریی و رووداو و کارەساتە سرووشتییەکان تەرخانکراوە. سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنێکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە نووسراو داوای لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
سۆران عومەر، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رەزامەندی بدات لەو بودجەیە قەرەبووی زیانلێکەتووان بکرێتەوە.
بە گوتەی سۆران عومەر کە هاوکات ئەندامی لیژنەی ئابوورییە لە پەرلەمانی عێراق، بەپێی یاسای بودجە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی دەتوانن لە بودجەی فریاکەوتن 3 ملیار دینار خەرج بکەن، ئەگەر لەم بڕە زیاتر بێت، پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانە.