مامۆستایانی ناڕازیی هەڵەبجە بایکۆتیان شکاند

رووداو دیجیتاڵ
 
دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایانی هەڵەبجە شکاندنی بایکۆتی لە پارێزگەکەی راگەیاند و بڕیاریدا، لە سبەی سێشەممەوە مامۆستایان بەتەواوی بچنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
 
ئەوان هۆکاری شکانی بایکۆتەکەیان بۆ بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسی، "لە دیدارم لەگەڵ ژمارەیەک لە مامۆستایانی ناڕازی بەڕێز، بڕیاری حکومەتی هەرێمم بۆ دووپاتکردنەوە، دوای هەمواری یاسای بودجەی فیدڕاڵی پلەی مامۆستایانی شایستە بەرز دەکرێتەوە. وانەبێژەکانیش دەکرێنە گرێبەست بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت".
 
کێ بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا؟
 
مامۆستا فەرهاد قادر، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی هەڵەبجە، ئەمشەوی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پاش بەڵێنەکانی قوباد تاڵەبانی، ئێمە بە دەستکەوتەوە بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن. ئێمە تاوەکو هەموارکردنەوەی بودجە بەردەوام دەبین، ئەگەر دواتر بزانین خۆدزینەوەی تێدایە، ئەوا بایکۆت دەستپێدەکەینەوە".
 
مامۆستا قادر ئاشکرای دەکات، ئەو شاندەیان کە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبوونەتەوە، پێنج کەس بوون؛ سێ مامۆستا لە هەڵەبجە، یەک لە شارەزوور و یەک لە سەیدسادق. هەموویان بڕیاریانداوە دەست بە دەوام بکەنەوە.
 
 
هەڵوێستی مامۆستایانی وانەبێژی هەڵەبجە
 
هاوکات، سەلاحەدین حاجی زەڵمی، نوێنەری وانەبێژانی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، لە سەرەتای بایکۆتەوە لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا دەنگیان لەگەڵ دەنگی مامۆستایانی دامەزراو و فەرمانبەرانی ناڕازی بووە و ئێستاش لەگەڵ ئەواندان و بایکۆت هەڵدەپسێرن و دەچنەوە ناوەندەکانی خوێندن.
 
نوێنەری وانەبێژانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کرد، چاودێریی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی جێگری سەرۆکوەزیران دەکەن. گوتیشی، "لە پەیامی قوباد تاڵەبانیدا ئاماژە دراوە، کە وانەبێژان دەکرێنە گرێبەستی رەسمی بەپێی رێکار و یاسا بەرکارەکان و ساڵانی خزمەت، ئەو ساڵانی خزمەتە هەڵەیە و بۆ وانەبێژان نییە".
 
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە راپەڕین: بایکۆت ناشکێنین
 
سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین و کۆیە ئەو پێنج ناوچەیە بوون کە بایکۆتی خوێندنیان تێدا کرابوو، تا ئەمڕۆ تەنیا سلێمانی بایکۆتی شکاندبوو.
 
هەریەک لە گەرمیان و کۆیە هێشتا هەڵوێستیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ لە راپەڕین رەتیدەکاتەوە بایکۆت بشکێنن.
 
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە دەڤەری راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە نە لە کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی بەشداریمان کردووە، نە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، بۆیە بەردەوامین لە بایکۆت".
 
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی مامۆستایانی دامەزراو (میلاک)ن و وانەبێژانیان تێدا نییە. گوتیشی، "مامۆستایانی دامەزراو چی بڕیارێک دەدەن بۆ خۆیان دەیدەن نەوەک ئێمە".
 
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدان، پێنج مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی خوێندن، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بەشێک لە قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نەکراونەتەوە.
 
رۆژی 13ـی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، زەنگی خوێندنی ساڵی 2023-2024 لێدرا، بەڵام مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە بایکۆتی دەوامیان کرد و بەهۆیەوە دەرگەی قوتابخانەکان لەکاتی خۆیدا نەکرانەوە.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، "بایکۆت لە سلێمانی کۆتایی هاتووە و دەوام بە تەواوی دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە هەڵەبجە و قەزای پشدەر 100% بایکۆت بەردەوامە؛ پەروەردەکانی دیکەش دەوام بە نیوە تێیاندا دەستیپێکردووەتەوە و نیوەی مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت".
 
داوای سەرەکیی مامۆستایان چییە؟
 
داوای سەرەکیی مامۆستایانی ناڕازیی دوو خاڵە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن دەکەن و دامەزراوانیش داوای پلەبەرزکردنەوە دەکەن.
 
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بخایێنێت.
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و لە وەرزی دووەمی خوێندندان.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن کە تاوەکو ئەمڕۆ بایکۆت لە بەشێکیاندا بەردەوامە.