کەسێک لەنێو مزگەوتێکی ئامەد بە چەقۆوە هەڕەشە لە ژمارەیەک منداڵ دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو مزگەوتێکی ئامەدی باکووری کوردستان، کەسێکی بەتەمەن بە چەقۆوە هەڕەشە لە چەند منداڵێک دەکات، کە قوتابی خولی خوێندنی قورئان بوون. 
 
رووداوەکە، کاژێر 17:30ـی ئێوارەی رۆژی 13ـی شوباتی 2024، لەنێو مزگەوتی فاتیح لە گەڕەکی فاتیح-ی شارۆچکەی باغلار سەر بە ئامەد روویدا. قوتابییانی خولی خوێندنی قورئان بەر لە هاتنی مامۆستاکەیان، لەنێو خۆیاندا یارییان دەکرد و دەنگیان بەرز ببووەوە. وەک لە گرتەکانی کامێرای چاودێریی مزگەوتەکەدا دەردەکەوێت، کەسێکی بە تەمەن دێت و هۆشدارییان پێدەدات دەنگ بەرز نەکەنەوە. 
 
دوای ماوەیەک لە بێدەنگی، منداڵان دووبارە دەست بە یاریکردن دەکەن و دەنگیان بەرز دەبێتەوە. هەمان کەس دووبارە دێتە ژوورەوە، بەڵام چەقۆیەک دەردەهێنێت و بەمەبەستی ترساندنی منداڵەکان چەند جارێک چەقۆکە دەوەشێنێت. منداڵەکان دەشڵەژێن و هەرچەندە هەوڵی خۆ رزگارکردن دەدەن، بەڵام ئەو، لە نزیک دەرگە دەوەستێت و رێگەیان پێنادات بچنە دەرەوە و بە دەم هاوارکردنەوە پێیان دەڵێت، "پێمگووتن، بێدەنگ بن، بەڵام بێدەنگ نەبوون". 
 
دوای هەوڵێکی زۆر، منداڵەکان خۆیان رزگار دەکەن و بۆ دەرەوە هەڵدێن. مێرمنداڵێک لە ژوورەکەدا گیردەخوات بەدەست چەقۆ کێشەکە و لە کامێرای چاودێریی مزگەوتەکدا دەردەکەوێت کە چەقۆکەی لە دەموچاوی مێرمنداڵەکە نزیک دەکاتەوە و قسەی پێ دەڵێت، دوای ماوەیەک ئەویش خۆی دەکاتە دەرەوە. 
 
ئەم گرتە ڤیدیۆییە، شەوی رابردوو 18ـی مانگ ئاشکرا دەبێت و پۆلیسی ئامەد سەبارەت بە رووداوەکە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.