رێکخراوی CPT لە بەرامبەر کارەکانیان لە کوردستان خەڵاتێکی جیهانیان پێبەخشرا
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هۆڵەندا لە بەغدا رێوڕەسمێکی بۆ خەڵاتکردنی رێکخراوی دروستکردنی ئاشتی لە کۆمەڵگە (CPT) سازکرد. کاری رێکخراوەکە تۆماکردنی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانە لە هەرێمی کوردستان. هۆڵەندا خەڵاتی تولیپ بۆ ئاشتی ساڵی 2024ـی بە رێکخراوەکە بەخشی.
جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق لەبارەی خەڵاتکردنی رێکخراوەکە گوتی، "رێکخراوی سی پی تی دەستینشانکرا لەلایەن باڵیۆزخانە و کۆنسووڵی گشتیمان بۆ ئەو خەڵاتە، ئەوان یەکێکن لەو رێکخراوانەی کە ئێمە هەستمان کرد بەتەواوی کاردەکەن بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ، چەند رێکخراوێکی تریشمان لە جیهان بەربژێرکردبوو، بەڵام سی پی تی بردییەوە، چونکە کاریان کردووە لە دۆخی مەترسیدار، نائارام و جیاواز و لە ناوچەی مەترسیداردا".
سی پی تی لەساڵی 2006ـەوە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، جگە لە تۆماری بۆردوومانەکان، کار بۆ پاراستنی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان دەکەن.
کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی سی پی تی بە رووداوی گوت، "ئێمە ئەم خەڵاتە تەنیا بە رێزلێنانێک لە کارەکانی خۆمان نابینین، بەڵکو ئەمە دانپێدانانە بەو تاوانانەی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کودستان ئەنجامیانداوە، دانپێدانانە بەوەی کە رۆژنامەنووسان و چالاکڤانان لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی لێدان ،گرتن و زیندانیکردن بوونەتەوە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت لەڕێگای ئەو خەڵاتەوە کارەکانی خۆمان فراوانتر بکەین".
ئامادەبووانی رێوڕەسمەکە دەڵێن گرنگە رێکخراوێک کە لە کوردستان کاردەکات خەڵاتێکی جیهانی بەدەستهێنابێت و پێویستە حکومەتی عێراقیش کار بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی سەر سنوورەکانی بکات.
ئۆلیڤەر پۆلیتەر، راوێژکاری سیاسی لە باڵیۆزخانەی کەنەدا لە بەغدا بە رووداوی گوت: "دەمەوێت پیرۆزبایی لە رێکخراوی سی پی تی بکەم بەهۆی بردنەوەی ئەو خەڵاتە گرنگە کە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق وایکردووە شایستەی بن، هیوادارین ئەمە ببێتە هاندەرێک تاوەکو زیاتر پاڵیان بنێت بۆ کاری باشتر و کارکردنی زیاتری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ".
ئەنەس عەزاوی، چالاکڤانی مافی مرۆڤ لەبارەی کارەکانی رێکخراوەکە گوتی: "ئەمەی کراوە و کارەکانی ئەم رێکخراوە و ئەم هەوڵدانە مرۆییە ئەوەتا رێزی لێگیراوە لەلایەن کۆمەڵەگەی نێودەوڵەتی، زۆر خۆشحاڵین پێی، هیوادارین حکومەتی عێراقی و فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانیش ئاهەنگ بگێڕن و هاوکاری زیاتری ئەم رێکخراوانە بن کە کار بۆ پاراستنی شکۆ و گیانی خەڵکی عێراق دەکەن".
تیمەکەی رێکخراوی سی پی تی تەنها سێ کەسن لە هەرێمی کورستان، بەڵام کارەکانیان وایکردووە ببنە چالاکترین تیمی رێکخراوەکەیان لەسەر ئاستی جیهان.