لە سلێمانی پیاوێک 5 ملیۆن دۆلاری هاونیشتمانییان دەبات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، ئۆفیسی کۆمپانیایەکە کە دەگوترێت، نزیکەی 5 ملیۆن دۆلاری کاسبکارانی لایە و دوو رۆژە ئۆفیسەکەی داخستووە. رووداو بۆ سۆراخی بابەتەکە چووە لای دراوسێکەی و ئەو دەڵێت، دوو رۆژە ئۆفیسی دراوسێکەی داخراوە و خاوەنەکەیان نەبینیوەتەوە.
 
ئیدریس فازڵ، بازرگانی سووتەمەنییە و لەبارەی ئەو کەسەی پارەکەی بردووە دەڵێت، "لەبواری سووتەمەنی وەک گاز و رۆن کاری کردووە، کە بازاڕیشی جێهێشتووە هۆکاری سەرەکی ئەوەبووە بە گران کڕیویەتی و بە هەرزان سووتەمەنییەکەی فرۆشتووەتەوە، ئەم فرۆشتنەش ئاسایی نەبووە، ئەوەی دەیکرد جێگەی گومان بوو، بۆیە خۆم و براکانیشم مامەڵەمان لەگەڵ نەکردووە."
 
هێزە ئەمنییەکان کۆگەی بازرگانەکەیان داخستووە و لەژێر چاودێریدایە، نزیکەی 12 کەسیش لە بنکەی پۆلیس سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە.
 
یەکێک لەوانەی پارەکەی خوراوە دەڵێت، "گازمان پێداوە هەر تۆنێکی بە 10 دۆلار یان 7 دۆلار خێر، لەکاتێکدا تێچوویێکی زۆری گواستنەوەشم لەسەر بووە، نەشمزانیوە ئەم پیاوە بەو جۆرەیە و پێشتریش چەندین جار مامەڵەم لەگەڵی کردووە هیچ کێشەی نەبووە، ئێستاش نزیکەی 200 ملیۆن دینارم لایەتی، خەڵکیش هەیە دەڵێت تەنیا خۆم دوو ملیۆن دۆلارم لایەتی، بەکۆی گشتیش نزیکەی 5 ملیۆن دۆلاری بردووە."
 
لەسەر ئەم پرسە زۆرترین قسە و باس لە بازاڕی دراو بوو، لەبەرئەوەی ئۆفیسی کۆمپانیاکە لە یەکێک لە چوار بازاڕەکەی دراو بوو لە سلێمانی.
 
ئەنجوومەن و کاسبکارانی بازاڕەکەش دەڵێن، ئەو کەسە تەنیا ئۆفیسی کۆمپانیایەکی سووتەمەنی لەبازاڕەکە هەیە، زۆرینەی پارەخوراوەکانیش پارەداری دەرەوەی بازاڕەکەن، بۆیە هیچ پەیوەندییەکیان بە دراو و بازاڕەکەشەوە نییە.
 
ئیسماعیل محەممەد، کاسبکاری دێرینی بازاڕی دراوە و باس لەوە دەکات، "ئەوانەی لە بازاڕی بۆرسەدا کاردەکەن، متمانەپێکراون. ئەوەش کە پارەی خەڵکی خواردووە خەڵکی تازەبووە لە بازاڕەکە و ئەم کەسەش سەر بە بازاڕەکە نییە و نووسینگەی سووتەمەنی هەیە نەک دراو، ئەوانەشی پارەیان خوراوە لەدەرەوەی بازاڕەکەن، هەرچەندە ئەکرێ ئەم کەسە پارەی چەند نووسینگەیەکی دراوی لەبازاڕەکە خواردبێت."
 
بازرگانە ونبووەکە بڕوانامەی دامەزراندنی کۆمپانیای بۆ بازرگانیی بەرهەمەکانی نەوتی پاڵێوراو هەیە، زیاتر لە 6 ساڵە ئەو کارە دەکات، ئێستا لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان بۆ دۆسەیەکە بەردەوامە.