ئینتەرنێتی کۆڕەک تیلیکۆم راگیرا؛ 'شۆک بووم کە بینیم ئینتەرنێت نەماوە'
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، یەکێک لە ملیۆنان هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆمە، لە بەرەبەیانی چوارشەممەوە ئینتەرنێتەکەی راگیراوە. هاووڵاتییەکە شۆک بووە کاتێک هێشتا بەڵانسی ماوە کەچی ئینتەرنێتەکەی لە کار خراوە.
وسام زیاد، بەکارهێنەری کۆڕەک تیلیکۆمە و لەبارەی وەستانی ئینتەرنێتەکەی دەڵێت، "لەڕاستیدا ئەمە کێشەیە، بەشێوەیەکی گشتیی هاووڵاتی نەوەک هەر لە عێراق لە هەموو وڵاتان بەتەواوەتی بە ئینتەرنێتەوە بەستراوەتەوە، ئێمە لە بەکارهێنەرانی هێڵی ئینتەرنێتی کۆڕەک-ین هەرچەندە پێشتریش پچڕانی ناوبەناو هەبوو لەبەغدا، بەڵام ئەمڕۆ شۆک بووین لە 12 بەولاوە ئینتەرنێت پچڕا. ئەمە کێشەیەکی زۆر گەورەیە نەک هەر بۆ من پێموایە بۆ هەموو هاووڵاتییان".
لە ماوەی رابردوو دا دەیان کۆبوونەوە لە سەر کێشەکانی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کراون، بەڵام لەبڕی چارەسەر پچڕانی ئینتەرنێتی بەدوا داهات.
ئیبراهیم میرانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکە دەڵێت، "لەڕاستیدا بڕیارەکە لەشوێنی خۆیدا نەبوو. سەرۆکوەزیرانیش ئاگادار دەکەینەوە پێی دەڵێین ئەو بڕیارە لەشوێنی خۆیدا نەبووە و زۆر پەلەی تێدا کراوە، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەمە بڕیاری کۆتاییپێهاتنی کۆڕەک نییە".
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ساڵی 2000 لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و ساڵی 2007، بووە یەکێک لەو سێ کۆمپانیایەی مۆبایل کە مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدراوە. کۆڕەک بە درووشمی "جیهان لەناو دەستەکانتە" دەڵێت، پێشکەوتووترین كۆمپانياى خزمەتگوزاریی مۆبايلە لەسەر ئاستى عێراق و بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندنی عێراق ناتوانێت ملیۆنان هاوبەشی بێبەش بکات.
سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەم بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سیاسییە نەک دارایی." و ئەو بڕیارە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە. دەشڵێت "ئێمە بێ وەڵام نابین".
کۆڕەک تیلیکۆم زیاتر لە 10 ملیۆن هاوبەشی هەیە. بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەبێ لەبەرچاوگرتنی چارەنووسی هاوبەشانی، جگە لە هەرێمی کوردستان، هەزاران هاووڵاتیی عێراقی لە هێڵی ئینتەرنێت بێبەش کردووە.
راگرتنی پەیوەندی کردن لە نێوان بەشداربووانی کۆڕەک تلیکۆم و کۆمپانیاکانی دیکەی پەیوەندی، وەکو قۆناخی یەکەمی سزادانی سەر ئەو کۆمپانیایە تەماشا دەکرێت، قۆناخی دووەمی سزاکانیش راگرتنی هێلی ئینتەرنێت بوو لەسەر هاوبەشانی. هاوبەشانی کۆڕەک تلیکۆم دەڵێن دەیانەوێت کێشەکە چارەسەر بکرێت پێش ئەوەی پەنا بۆ بەکارهێنانی هێلێکی دیکەی ئینتەرنێت و پەیوەندی کردن ببەن.