جێگری سەرۆککۆماری ئێران: لە لوڕستان 17 هەزار قوتابی لە خوێندن دابڕاون
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری لە زیادبوونی رێژەی وازهێنانی قوتابییان لە پارێزگای لوڕستان دەدات و رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 17 هەزار قوتابی لەو پارێزگایەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خوێندن دابڕاون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026، محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای لوڕستان، تیشکی خستە سەر کێشەکانی کەرتی پەروەردە و رایگەیاند، وازهێنانی قوتابییان لەو پارێزگایە بووەتە کێشەیەکی جیدی و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
بەگوتەی جێگری سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆی 357 هەزار قوتابی کە لە پارێزگاکەدا هەن، 17 هەزار قوتابییان لە خوێندن بەجێماون. قائیمپەنا ئاماژەی بەوەش کرد، زۆرترین رێژەی وازهێنان لە شارەکانی "ئەلیگودەرز" و "دێلفان" تۆمارکراوە و پێویستە حکومەت گرنگییەکی تایبەت بە دۆخی ئەو دوو شارە بدات.
محەممەدجەعفەر قائیمپەنا داوای لە وەزارەتی پەروەردەی ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای لوڕستان کرد، ئەم پرسە بە هەند وەربگرن و هەموو هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکان و گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییانە بۆ سەر کورسییەکانی خوێندن.
پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی لە ئێران هۆکاری سەرەکیی وازهێنانی قوتابییان لە پارێزگا بێبەشەکان بۆ هەژاری، نەبوونی دەرفەتی کار و کەمیی خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان دەگەڕێننەوە.