قایمقامی مەخموور بۆ رووداو: پارێزگاری نەینەوا داوای لێبووردنی لە خەڵکی مەخموور کرد
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی مەخموور رایدەگەیێنێت، ماوەی دوو ساڵە هیچ بودجەیەک بۆ قەزاکە خەرج نەکراوە و بەو هۆیەشەوە پارێزگاری نەینەوا داوای لێبووردنی لە خەڵکی ناوچەکە کردووە؛ دەشڵێت: "هەموو زەوییەکانی مەخموور لای هەولێرە و تاوەکو ئێستا 2600 پارچە زەویمان دابەش کردووە."
رزگار محەممەد، قایمقامی قەزای مەخموور لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو رایگەیاند، لە دابەشکردنی بودجەکانی پارێزگای نەینەوا و سندووقی ئاوەدانکردنەوەدا ستەم لە مەخموور کراوە.
قایمقامی مەخموور ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاری نەینەوا لە سەردانەکەیدا بۆ مەخموور و ناحیەی قەراج، بە ئاشکرا دانی بەوەدا ناوە کە نادادپەروەری بەرامبەر قەزاکە کراوە و گوتی: "پارێزگار لەبەردەم خەڵکدا داوای لێبووردنی کرد و گوتی بەڕاستی ئێمە بەرامبەرتان نادادپەروەر بووین و لە شوێنەکانی دیکە زیاتر کارمان کردووە."
بەهۆی ئەوەی دوو ساڵە هیچ بودجەیەک بۆ مەخموور تەرخان نەکراوە، کەرتی کارەبا بووەتە گەورەترین کێشەی خەڵک. رزگار محەممەد دەڵێت: "ژێرخانی کارەباکەمان زۆر کۆنە. هەرچەندە پرۆتۆکۆڵێک لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی نوێ واژۆ کراوە و زەویشمان بۆ تەرخان کردووە، بەڵام هەموو شتێک وەستاوە لەسەر بودجە."
سەبارەت بە رێگاوبان، قایمقامی مەخموور گوتی 90٪ی شەقامەکانی نێو سەنتەری قەزاکە قیر کراون، بەڵام لە سنووری ناحیەی قەراج هێشتا 20 گوند رێگای سەرەکییان بۆ نەکراوە. لەبارەی ئاوی خواردنەوەشەوە دڵنیایی دا کە کێشەکە تاوەکو ئاستێکی باش چارەسەر کراوە و بۆ هاوینی ئەمساڵ گرفتی ئەوتۆیان نابێت.
رزگار محەممەد جەختی لەسەر پێگەی کارگێڕی و موڵکداریی زەوییەکانی ناوچەکە کردەوە و رایگەیاند: "هەموو زەوییەکانی مەخموور لەڕووی موڵکییەت و کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرن، دۆسیەی زەویوزار لای ئیدارەی نەینەوا نییە." ئاشکراشی کرد کە تاوەکو ئێستا 2600 پارچە زەوییان بەسەر فەرمانبەرانی میلاکی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکە دابەش کردووە و ئێستاش خەریکی کۆکردنەوەی ناوی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵین بۆ ئەوەی لە رێگەی پارێزگای هەولێرەوە زەوییان پێ بدرێت.