یەکێتیی زانایان بڕی زەکات و سەرفیترەی بۆ ئەم ساڵ دیاریکرد
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان، بڕی زەکات و سەرفیترەی بۆ مانگی رەمەزانی ساڵی 2026 راگەیاند. بەگوێرەی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای فەتوا، ئەم ساڵ زەکاتی پارە بە سێ ملیۆن دیناری عێراقی دیاریکراوە؛ واتە هەر کەسێک بڕی سێ ملیۆن دینار یان زیاتری هەبێت و ساڵی بەسەردا سوڕابێتەوە، پێویستە بۆ هەر ملیۆنێک بڕی 25 هەزار دینار وەک زەکات ببەخشێت.
سەبارەت بە زەکاتی زێڕ، ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆ هەر 20 مسقاڵ زێڕێک، نیو مسقاڵ زێڕ یان بەهای نیو مسقاڵەکە بە نەقدی دەبێتە زەکات. هەروەها بڕی سەرفیترە بۆ هەر کەسێک لە ئەم ساڵدا بە سێ هەزار دینار جێگیر کراوە.
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان بە رووداوی گوت، هۆکاری دیاریکردنی بڕی زەکات بە سێ ملیۆن دینار بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نرخی زێڕ لە بازاڕدا زۆر بەرزە، بۆیە ئەم ساڵ "زیو" کراوەتە بنەما بۆ دیاریکردنی رێژەکە، چونکە ئەمە زیاتر لە بەرژەوەندیی هەژاراندایە و هاوتایە لەگەڵ رای زانایانی مەزهەبی شافیعی کە دەڵێن "لە کاتی هەڵسەنگاندنی ماڵی بازرگانی، هەر کام لە نەقدەکان (زێڕ یان زیو) زووتر گەیشتە نیساب، دەبێتە بنەما".
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ساڵ زووتر لە ساڵانی پێشوو بڕی زەکات و سەرفیترەیان راگەیاندووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان خەڵکێکی زۆر پرسیاری وردەکارییەکانی زەکات، سەرفیترە و فیدیە دەکەن، تاوەکو هاووڵاتییان پێشوەختە ئاگاداری ئەرکە ئایینییەکانی خۆیان بن.
بۆ زانینی بڕی زەکاتەکەت، کلیک لێرە بکە.