ناسر رەزازی: پێویستە 'کۆڕی زانیاری' بۆ پاراستنی زمانی کوردی دروست بکرێ
رووداو دیجیتاڵ
هونەرمەندی بەناوبانگی کورد ناسر رەزازی دەڵێ، سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەک کەموکوڕی، زمانی کوردی لە ئاستی زمانە جیهانییەکاندایە. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێ، بۆ پەرەپێدانی زیاتر، پێویستە زمانەکە بخرێتە نێو ژیریی دەستکردەوە و بەکاربهێنرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19-02-2026، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی، شارەزایانی زمان و هونەرمەندان، پانێلێکی تایبەت بە زمانی کوردی لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
دوای پانێلەکە ناسر رەزاری، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئەمڕۆ دەتوانین شانازی بە زمانی کوردییەوە بکەین کە لە ریزی زمانە جیهانییەکاندایە، بەڵام هەندێک کەموکوڕیشی هەیە.''
بەگوتەی ناسر رەزازی، تاوەکو ئێستا بە هۆکاری جیاواز، کێشە و کەموکوڕییەکانی زمانی کوردی چارەسەر نەکراون و لەوبارەوە هەنگاوی باش نەنراوە، ''بۆیە پێویستە کۆڕێکی زانیاری دروست بکرێ کە لە نوێنەری سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و شارەزایانی زمان پێکهاتبێت، بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکانی چارەسەر بکەن.''
هونەرمەندە ناسراوەکەی کورد پێشنیاز دەکات، بۆ لابردنی کەموکوڕییەکان و پەرەپێدانی زیاتر، زمانی کوردی بە دیجیتاڵی بکرێ و لە ژیریی دەستکردا بەکاربهێنرێت.
ناسر رەزازی جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکومەت گرنگیی زیاتر بە زمانی کوردی بدات و کاری لەپێشینەی بێت، ''زۆر وڵات بەر لەوەی ببنە دەوڵەت، زمانەکەیان دیاریکردووە و ئینجا بوونەتە خاوەن دەسەڵات.''
هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، گرنگترین بابەت بۆ پەرەپێدانی زمانی کوردی ئەوەیە کە بخرێتە نێو ژیریی دەستکردەوە و بەکاربهێنرێت.
بەگوتەی هەڤاڵ ئەبوبەکر، نەوەک تەنیا لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، بەڵکو رۆژانە لە پارێزگاکە چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی هەیە و لەوبارەوە لە هەوڵی بەردەوامدان.
ساڵانە 21ـی شوبات رۆژی جیهانیی زمانی دایکە کە ساڵی 1999 لەلایەن رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکراوە.
مەبەست لە دیاریکردنی رۆژێک بۆ زمانی دایک بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر زمان و بەزیندوویی هێشتنەوەی. هاوکات، هاندانێکە بۆ ئەوەی دەرفەت بە هەمووان بدرێت بە زمانی دایک بخوێنن.