جێگری سەرۆکی نەوەی نوێ: هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ یەکێتی دژی هیچ لایەنێک نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت: هاوپەیمانێتییان لەگەڵ یەکێتی دژی هیچ لایەنێک نییە و لە قۆناخی داهاتووشدا هاوپەیمانێتییەکە تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان نابێت و لە بەغداش کاری پێدەکرێت.
 
رێبوار ئەوڕەحمان، جێگری سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری نەوەی نوێ بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ یەکێتی کە رۆژی پێنجشەممە (19/2/2026) لە سلێمانی یەکەم کۆبوونەوەیان ئەنجامدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "یەکەم دانیشتنی شاندەکانی نەوەی نوێ و یەکێتی ئەنجامدرا و لە کۆبوونەوەکە رەشنووسی دوو پاکێجمان لەگەڵ یەکێتی ئامادەکردووە، پاکێجێکیان تایبەتە بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاکێجێکیشیان بۆ کاری سیاسییە، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لەبەغدا، چونکە هاوپەیمانێتییەکە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە و ئەگەر جێبەجێ بکرێت لە قۆناخی داهاتوو لە بەغداش کاری پێدەکرێت."
 
گوتیشی: "پێدەچێت هەفتەی داهاتوو رێککەوتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی واژۆ بکەین و لە کۆبوونەوەی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی و نەوەی نوێ بە هیچ شێوەیەک باسی بەرکەوتە و دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتووی حکومەت نەکراوە، بەڵکو گفتوگۆکان لەبارەی کارنامە و خاڵە بنچینەییەکانی رێککەوتنەکە بووە کە پەیوەستن بە خزمەتگوزاریی و چارەسەری کێشەکانی خەڵک و بودجەی هەرێمی کوردستان و کاراکردنی دامەزراوەکان، لەسەروو هەموویانەوە دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا، جێگری سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ باسی کاری داهاتوویانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی کرد دوای ئەم هاوپەیمانێتییە و گوتی: دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە و جێبەجێکردنی دوو بلۆک لە پەرلەمانی کوردستان دروست دەبن، بلۆکێک بلۆکی هاوپەیمانێتی نەوەی نوێ و یەکێتییە و بلۆکێکیشیان بلۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
بە گوتەی رێبوار ئەوڕەحمان، هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ یەکێتی هیچ پەیوەندی بە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەکەیان نییە و دەڵێت: "ساڵێک بەر لە ئێستا نەوەی نوێ پرۆژەی خۆی بۆ 'هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان' بە فەرمی راگەیاند و ئەوەی ئێستاش روودەدات پرۆژەیەکی نوێ نییە لای نەوەی نوێ و هیچ پەیوەندی بە دۆسیەی شاسوار عەبدولواحید نییە.
 
 
رۆژی 10/10/2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، بەپێی ئەنجامە فەرمییەکانیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە کۆکردنەوەی 812.749 دەنگ 39 کورسی پەرلەمانی بەدەدەستهێنا و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە 409.548 دەنگ 23 کورسی و نەوەی نوێ بە 292.032 دەنگ 15 کورسی پەرلەمانی کوردستانیان بەدەستهێنا، بەڵام دوای ساڵێک و 4 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن تاوەکو ئێستا پەرلەمان تەنیا یەک دانیشتنی سوێند خواردنی ئەنجامداوە و کابینەی نوێی حکومەتیش پێکنەهێنراوە.