دابەشکردنی بەشەخۆراک و بڕەخۆراکی مانگی رەمەزان دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دەستیپێكرد. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، لە هەموو کوردستان دابەشکردنی بەشێکی بڕە خۆراکی مانگی رەمەزان دەستیپێکردووە.
تەنیا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن؛ ئەم ساڵ دابەشکردنەکەی لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق یەکخراوە.
ئەو بڕە خۆراکەی مانگانە دەدرێتە هاووڵاتییان بریتییە لە برنج، ئارد، رۆنی شل، دۆشاوی تەماتە، شەکر، نیسک یان پاقلەمەنییەکی دیکەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئاداری 2023، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستمانکردووە بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە، کە پێی دەگوترێت سەبەتە خۆراکی دووەمی ئەم ساڵ".
بۆ ئەم رەمەزانە بڕیادراوە، هەموو خێزانێکی عێراق و هەرێمی کوردستان چوار جۆر خۆراکی تایبەتیان پێ بدرێت، کە بریتین لە ئاردی سفر، ماکەرۆنی، نیشاستە و شەعرییە.
کامەران فەتاح دەڵێت، سێ جۆر خۆراکی مانگی رەمەزان گەیشتووە و هەر کەسێک سەردانی بریکارەکانی خۆراک بکات دەتوانێت ماکەرۆنی، نیشاستە و شەعرییەی رەمەزان وەربگرێت، بەڵام جارێ ئاردی سفر نەگەیشتووە.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان ملیۆنان کەس سوودمەند دەبن لە بەشەخۆراکی مانگانە. تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن، هەروەها لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە دەتوانن بەشەخۆراک وەربگرن.