مەسرور بارزانی و زیاتر لە 40 کۆنسوڵی وڵاتان بەشداریی نەورۆزی ئاکرێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ 

سبەی کەرنەڤاڵێکی تایبەت بۆ جەژنی نەورۆز لە ئاکرێ بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە رێکخەرانی کەرنەڤاڵەکە دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکات.
 
رێوڕەسمەکە سبەی چوارشەممە، 20ـی ئادار کاژێر 06:50ـی ئێوارە دوای بەربانگ بە فەرمی دەستپێدەکات و کاژێر 08:30ـی ئێوارە کۆتایی دێت. بە گوتەی رێکخەرانی کەرنەڤاڵەکە، ئامادەکارییەکان تەواو بوون.
 
کاوە زوهێر، ئەندامی راگەیاندنی کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئامادەکارییەکان تەواوکراون، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی زیاتر لە 40 وڵات لە هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن.
 
کاوە زوهێر ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی کەشوهەواوە هیچ گۆڕانکارییەک لە چالاکییەکانی نەورۆزی ئاکرێ نەکراوە و بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچێت.
 
ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئاکرێ لە شوێنەکانی دیکە سەرنجی زیاتری لەسەرە، بەهۆی ئەو رێوڕەسمەی تێیدا دەکرێت و ئەو هەڵکەوتەیەی قەزاکە هەیەتی. ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان لە نەورۆزی شارەکەدا کرد. کاوە زوهێز دەڵێت، ئەم ساڵ چاوەڕوان دەکەن زیاتر لە پار بەشداری لە رێوەڕەسمەکەدا بکرێت.
 
ئەم ساڵ نەورۆز کەوتووەتە مانگی رەمەزانەوە، کاوە زوهێر دەڵێت، "هەندێک رووناککەرەوە دانراون کە ئاماژەن بۆ رێزگرن لە مانگی رەمەزان، هەروەها رێوڕەسمی فەرمی دوای بەربانگ دەستپێدەکات."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی ئاکرێ بۆ رووداو، ساڵی 2023 لە نەورۆزی ئاکرێدا زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان کردووە، ساڵی 2022ـش 95 هەزار کەس بەشدارییان کردووە.