لە زاخۆ لافاو پردێکی رووخاند و مەترسی لەسەر گەڕەکێک هەیە
رووداو دیجیتاڵ
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی خابوور، ئێوارەی ئەمڕۆ پردی شەهاب لە تاخی سەری گوندک رووخا و ئێستا مەترسی هەیە لەسەر تاخی جۆلەکان.
هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، "لەو گەڕەکە تاوەکو ئێستا ئاو چووەتە نێو 20 ماڵەوە".
بەپێی زانیارییەکان، ئاستی ئاوی خابوور تاوەکو پێنج مەتر بەرزبووەتەوە و داوا لە ماڵەکانی ئەو دەوروبەرە دەکرێت چۆڵی بکەن.
لەلایەکی دیکە، هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، لە بەشێکی ئەو شارە لافاو جارێکی دیکە هەستاوە و ئاو چووەتە نێو چەندین ئۆتۆمبێلەوە.