لە دهۆک بەهۆی بارانی بەلێزمە و ئەگەری دروستبوونی لافاو پشوو راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 20-03-2024 بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی بەهێز و ئەگەری دروستبوونی لافاو، لەپێناو پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان لە سەرتاسەری پارێزگاکە پشووی فەرمی دەبێت.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک جگە لە راگەیاندنی رۆژێک پشوو ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنیا ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پەیوەندییان بە رووداوی نائاساییەوە هەیە، دەوامیان دەبێت، وەکو "بەرگریی شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، کۆچ و کۆچبەران، نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەنداو و چاودێریی رێگە و پرد و شارەوانی و تیمەکانی چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و هاوشێوەکانیان."
هاوکات پارێزگاری دهۆک داوای لە هاونیشتمانیانیش کردووە، بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان، لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بۆئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.