ئاستی ئاوی رووباری خابوور بەرزبووەتەوە و بەشێک لە پردی دەلال ژێرئاو کەوتووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئاستی ئاوی رووباری خابوور بەرزبووەتەوە و بەشێک لە پردی دەلال لە زاخۆ ژێرئاو کەوتووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، "40 ساڵە ئاستی ئاوی رووبارەکە بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە."
 
عەدلە بەکر، پەیامنێری رووداو لەنزیک پردی دەلال ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هێشتا بەشێک لە پردەکە لەژێر ئاودایە، بەڵام ئاستی ئاوەکە وردە وردە نزم دەبێتەوە.
 
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری خابوور مەترسیی لەسەر پردی دەلال دروستکردووە. هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، "40 ساڵە ئاستی ئاوی رووبارەکە بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە."
 
 
ئەمشەو محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی هۆشداریی "لافاوی کتوپڕ"ی دا باسی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی کرد کە "پڕ مەترسین" و ئەگەری لافاو تێیاندا زۆرە، زاخۆش یەکێک بوو لەو شوێنانەی باسی کرد.
 

 
ئەمشەو کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامبوونی کاریگەریی هەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای نێوەڕاست لەسەر هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو بارانبارین بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند بەردەوام بێت و هەندێکجاریش هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت.
 
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، محەممەد کەمال، گوتی، ئەو شەپۆلی بارانبارینەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە بە شێوەی پچڕ پچڕ تاوەکو 26 یان 27ی مانگ بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ چەقەکەی بوو.