بەرگریی شارستانیی دهۆک بۆ رووداو: ئەو دوو کەسەی لافاو بردبوونی گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو دوو کەسەی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا لافاو بردبوونی، گیانیان لەدەستداوە."
گوتەبێژەکەی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێ "چوار کەسی عەرەب لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، کاتێک لە دهۆک لافاو بردی، دوو کەسیان رزگار کران، بەڵام دووانەکەی دیکە لافاو بردنی و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەردووکیان گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هێشتا تەرمەکانیان نەدۆزراوەتەوە."
تەمەنی ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە 35 و 45 ساڵە.
بەپێی سەرچاوەیەکی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئەو لافاوەی ئەمڕۆی دهۆک جگە لە زیانی گیانی زیانێکی ماددی زۆری هەبووە.
سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت بەپێی ئاماری سەرەتایی؛ جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە، نزیکەی 100 ماڵ، هەروەها نزیکەی 15 ئۆتۆمبێل ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-3-2024) ژێر ئاوی لافاو کەوتوون.