دیدارێکی نێودەوڵەتی سکۆڵەرشیپ بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

دیدارێکی نێودەوڵەتی، سکۆلەرشیپ بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، نوێنەری دیداری ئەورووپی ئەڵپباخ بە رووداوی راگەیاند "گەنجانی هەرێمی کوردستان دەتوانن لە ئێستاوە خۆیان تۆماربکەن و چانسی بەشداریکردن لە دیدارەکە بەدەستبهێنن". مەرجەکانی بەرشداریکردنیش لەو دیدارە لە رێگەی رووداو دەخاتەڕوو.
 
بڕیارە لەنێوان 19-28ـی ئابی ئەم ساڵ، دیداری ئەورووپی ئەلپباخ (EFA) لە چیاکانی ئەڵپی نەمسا بەڕێوەبچێت، دیدارەکە سکۆلەرشیپ پێشکێش بە گەنجانی چالاک دەکات.
 
دیدارەکە کەسایەتییە پێشەنگەکانی زانست، سیاسەت، بازرگانی و کولتوور کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاستەنگە جیهانییەکان، هاندانی دایالۆگ و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیی بیرۆکە لەسەر ئەو پرسە گرنگانەی کە رووبەڕووی ئەورووپا و جیهان دەبنەوە. بۆ بەشداریکردن لە دیدارەکە، دەبێت پێشتر گەنجان ناونووس بکرێن. 
 
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، یانەی ئەڵپباخ عێراق CAI نوێنەرایەتیی دیدارە نێودەوڵەتییەکە دەکات و ناونووسکردن لە رێگەی ئەوانەوە دەبێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 19-3-2025، بەیار کەمال عومەر، سەرۆکی دەستەی بەرێوەبردنی CAI لەکاتی بەشداریکردن لە رۆژی هیوا جەمال، مەرجەکانی بەشداریکردنی لەو دیدارە خستەڕوو، گوتی: "ناونووسکردن لەڕێگەی وێبسایتی سەرەکیی دیدارەکەیە، دەبێت بەشداربوو خوار تەمەن 35 ساڵ بێت، زمانی ئینگلیزی بەباشی بزانێت، چونکە داوای نووسینی هەندێک بابەتی لێدەکرێت، هەروەها چالاکی و کارە خۆبەخشییەکان، دەرفەتی بەشداریکردن لەو دیدارە زیاتر دەکەن". 
 
دیداری ئەورووپی ئەڵپباخ لەڕێگەی گوتار، سیمینار و دیبەیتەوە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ جیهانییەکان لەسەر پرسە سیاسییەکان، ئابوورییەکان، تەکنەلۆژییەکان و کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات. ئەم دیدارە دەرفەتی پەیوەندیکردن لەگەڵ پسپۆڕان و داڕێژەرانی سیاسەت، بەشداریکردن لە وۆرک شۆپەکان و ئاشنابوون بە سەرکردە جیهانییەکان دەڕەخسێنێت.
 
سکۆلەرشیپەکە هەموو خەرجییەکانی بەشداریکردن لە دیدارەکە، شوێنی مانەوە لە ئەڵپباخ و دەرماڵەی رۆژانەی 25 یۆرۆ لە ماوەی دیدارەکەدا دەگرێتەوە.
 
بەیار کەمال بە رووداوی گوت "سکۆلەرشیپەکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەشداریکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ رێوڕەسمی 80 ساڵەیەتی و کۆنترینی ئەورووپایە، کۆبوونەوەی کەسایەتییە گرنگەکانی جیهانە". 
 
دشڵێت، "پار شەش کەس لە عێراق بەشدار بوون، هەوڵمانداوە زۆرترین کورد بەشدار بن، دیدارەکە کاریگەریی زۆر دروست دەکات". 
 
بە گوتەی بەیار کەمال، تاوەکو 25ـی ئەم مانگە دەرفەت هەیە گەنجان فۆڕمەکە پڕبکەنەوە و بەشداری لەو دیدارە بکەن.