بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ: بارەگاکانمان بۆردوومانکران

رووداو دیجیتاڵ
 
بە گوتەی بەرپرسێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بارەگاکانی حیزبەکە لە پارێزگای سلێمانی هێرش کراوەتە سەریان. 
 
عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 05:30 خولەکی ئێوارە، بارەگاکانی کۆمەڵە لە ناوچەی زڕگوێزەڵەی سەر بە پارێزگای سلێمانی کرانە ئامانجی چەند هێرشێکی یەک لەدوای یەک."
 
عەلی رەنجبەری ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکان لە رێگەی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو"ـەوە کراون.
 
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵە باسی لەوە کرد هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە و گوتی، "زیانە مادییەکانیش سنووردارن."
 
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 395 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر. بەشێکی هێرشەکان بۆسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون لە هەرێمی کوردستان.