بە درۆن و مووشەک هێرش كرایە سەر زڕگوێزەڵە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بە درۆن و مووشەک هێرشكرایە سەر زڕگوێزەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
 
شەوی پێنجشەممە، عەلی رەنجبەری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارە  بە چوار درۆن لە زڕگوێزەڵە درا، جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانی نەبووە".
 
هەر لەوبارەوە، سروە ناسری، نوێنەری کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هێرشانە بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵەیە نەک زڕگوێز، وەک ئەوەی لە هەندێک میدیا بڵاوکراوەتەوە.
 
بەگوتەی سروە ناسری، "چوار مووشەک لە کەمپەکەی زڕگوێزەڵەی داوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، چونکە کەمپەکە چۆڵکراوە. مووشەکی پێنجەم لە دووری کەمپەکە بەر ماڵێک کەوتووە و چوار کەس بریندارن".