لە رۆژانی جەژندا هاتووچۆی بارهەڵگر لە ناوچە گەشتیارییەکاندا قەدەخە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە. بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، چەند رێنوێنییەکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، هاتووچۆی بارهەڵگر لە ناوچە گەشتیارییەکاندا قەدەخەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند: "لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە بۆ ماوەی پێنج رۆژ و تاوەکو 26ـی ئادار، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل له کاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ 12:00ـی شەو لەو رێگەیانەی کە دەکەونە سەر شوێنە گەشتیاری و سەیرانگەکان قەدەخەیە".
هاتووچۆی هەولێر هۆکاری بڕیارەکەی بۆ "بەرژەوەندی گشتی" و دروستنەبوونی قەرەباڵخی و سەلامەتی گەشتیاران گەڕاندووەتەوە.
هەروەها ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند: "رۆژانی 21، 22 و 23ـی ئادار، هاتنەناوەوەی بارهەڵگر بۆ نێو سەنتەری قەزای دووکان قەدەخەیە".
موقەدەم بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر خۆی هاتنە ژوورەوەی بارهەڵگر بۆ سەنتەری شار قەدەخە بووە، سەیرانگەکانیش ساڵانە زۆرترین گرفتمان لە دووکان بۆ دروست دەبێ بۆیە لەوێ قەدەخە کراوە".
لە بەشێکی دیکەی رێنماییەکانی هاتووچۆی سلێمانیدا هاتووە:
- دایکان و باوکان سویچی ئۆتۆمبێل نەدەنە ئەو کوڕ و کچانەی مۆڵەتی شۆفێریان نییە، چونکە ئەمە سەرپێچی یاسای هاتووچۆیە و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
- شۆفێرانی ماتۆڕسکیل پابەندی خێرایی دیاریکراو؛ چرای ترافیک و بەکارهێنانی کڵاوی خۆپارێزی بن. هەروەها خۆیان لە سەرکێشی و دروستکردنی مەترسی و بێزارکردنی هاووڵاتییان بپارێزن.
- سەرخستنی منداڵان لە بەشی پشتەوەی بار هەڵگرەکان و ماتۆڕسکیلەکان قەدەخەیە.
- کامێراکانی چاودێری خێرایی بەردەوام لە کارکردن دەبن و مەفرەزەکانی هاتووچۆ بەسەر ناوچەکاندا دابەش دەکرێن.