حەشدی شەعبی لە خورماتوو بۆردوومان کرا
رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای خورماتوو بۆردوومان کرا.
یاسین محەممەد عەلی داودی، نوێنەری قەزای خورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لیوای 52ی حەشدی تورکمانی لە گوندی بەراو چەلی لە سنووری قەزای خورماتوو بۆردوومان کرا."
یاسین داودی ئاماژەی بەوەش کرد، بۆردوومانەکە کراوەتە سەر سەربازگەی "شوهەدا" لە گوندی بەراو چەلی (باشووری رۆژئاوای خورماتوو) کە پێدەچێت شوێنی کۆگاکردنی چەک و تەقەمەنی ئەو هێزە بێت.
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەمە دووەمین جارە لەو ناوچەیەدا هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی ئەو هێزەی حەشدی شەعبی و دەکرێنە ئامانج.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (19ی ئاداری 2026)، زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کرایە سەر بارەگا و خاڵە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەلاحەدین، بەهۆیەوە چەند چەکدارێکی حەشد کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
پارێزگای سەلاحەدین و بەتایبەت قەزای بێجی، پشکی شێری هێرشەکانیان بەرکەوتووە. بەپێی راگەیێندراوی حەشد، لە نزیک فڕۆکەخانەی سینیە لە سنووری بێجی، هێرش کرایە سەر خاڵێکی لیوای 31 (رەوتی ریسالیوون)، لەوێش چەکدارێک کوژرا و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون.
هەر لە قەزای بێجی، بارەگای لیوای شەشی حەشدی شەعبی بۆردوومان کرا و سێ چەکداریان برینداربوون، کە تەندروستیی یەکێکیان خراپە.
ئەمە دووەمجارە لە ماوەی تەنیا یەک رۆژدا بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای بێجی بکرێنە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە، لە دەشتی نەینەوا فەوجی چواری سەر بە لیوای 30ی حەشدی شەعبی بۆردوومان کراوە، کە لە ئەنجامدا چەکدارێک کوژراوە و دوو چەکداری دیکەش برینداربوون.
دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی بەردەوامیی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا، گواستنەوەی بریندارەکان زۆر ئەستەم بووە.
بەگوتەی دەستەکە، تیمەکانی فریاگوزاری چەند جارێک لە کاتی هەوڵدان بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە و هێرش کراوەتە سەر تیمەکانیان، ئەمەش وایکردووە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی بریندارەکان بە سستی بەڕێوەبچێت.