65 پێشمەرگەی زێرەڤانی: بەهۆی کێشەکانی سۆسیالیستەوە مووچەکەمان راگیراوە


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 65 پێشمەرگە و ئەفسەری فەرماندەیی زێرەڤانی کە پێشتر لە بارەگاکانی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەوامیان دەکرد، دەڵێن بەهۆی ململانێی سیاسییەوە مووچەیان راگیراوە، بەڵام فەرماندەیی زێرەڤانی دەڵێت، کێشەکە تەنیا "کارگێڕییە" و پەیوەندی بە جێهێشتنی ئەرکەکانیانەوە هەیە.
 
ئەو پێشمەرگانە پێشتر لە بارەگاکانی سۆسیالیست بوون، بەڵام دوای دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان محەممەدی حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، لایەنگیرییان بۆ عەبدوڵڵای حاجی مەحموود کردووە و لەو کاتەوە تووشی کێشەی مووچە بوون.
 
بەهێز سەعدوون رەئوف، یەکێک لەو پێشمەرگانەیە کە لە ساڵی 2011وە لەسەر میلاکی زێرەڤانییە. ئەو کە باوکی سێ منداڵە و چوار ساڵە دەناڵێنێت بەدەست نەخۆشیی شێرپەنجەوە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "هەموو سەرچاوەی بژێویمان ئەو مووچەیەیە، ئێمە تاوانمان چییە بەهۆی کێشەی حیزبییەوە مووچەمان رابگیرێت؟".
 
ئەو پێشمەرگانە باس لەوەش دەکەن، پێشتر مانگانە بە "نایاسایی" 80 بۆ 100 هەزار دینار وەک "ئابوونە" لە مووچەکانیان بڕدراوە. دەشڵێن، دوای کێشەکان چەند جارێک شوێنی دەوامیان گۆڕدراوە و کاتێک پێیانگوتراوە مووچەی مانگی یەک و دوویان بۆ خەرج ناکرێت، گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
 
دکتۆر فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، رەتیدەکاتەوە حیزبەکەی لە پشت راگرتنی مووچەی ئەو پێشمەرگانەوە بێت و بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئەوانە میلاکی زێرەڤانین و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. ئەگەر دەوام نەکەن، بێگومان لایەنی سەرپەرشتیار رێکاری یاسایییان بەرامبەر دەگرێتەبەر."
 
سەرچاوەیەک لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کێشەکە رەهەندی سیاسی نییە. بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، ئەو پێشمەرگانە لە 4ی 11ی 2025ەوە بەبێ مۆڵەت ئەرکەکانیان جێهێشتووە و تاوەکو 22ی شوباتی 2026 نەگەڕاونەتەوە.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە: "بەپێی یاسا هەر پێشمەرگەیەک دەوام نەکات مووچەی بۆ خەرج ناکرێت، بۆیە مووچەی مانگی یەک و دوویان نافەوتێت بەڵکو بەهۆی دەوام نەکردنەوە نایانگرێتەوە، بەڵام لە 22ی شوباتەوە دەستبەکاربوونەتەوە (موباشەرەیان کردووە) و لەگەڵ مووچەی مانگی ئاداردا، هاوشێوەی پێشمەرگەکانی دیکە مووچە وەردەگرن."