خەلیل ئەحمەد دوای 42 ساڵ بە کەسوکاری شادبووەوە

رووداو - هەولێر 

دوای 42 ساڵ، خەلیل ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستان لە سوودانەوە گەڕایەوە باوەشی نیشتمان و کەسوکارەکەی.

ژمارەیەکی زۆر لە خزم و کەسەکانی بۆ پێشوازیکردن لێی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئامادەبوون و، بە هەلهەلە پێشوازییان لێکرد و، ئەوەندەی دیکە دڵخۆشیان کرد. 

خەلیل ئەحمەد، پێشمەرگەی ئەیلوول کە لەدوای نسکۆی شۆڕشەوە ئاوارەی سوودان بووە، پێش دوو مانگ لە خرتووم-ی پایتەختی سوودان بە غاندی-ی کوڕی شادبووەوە و، دوای گەڕانەوەشی بۆ کوردستان دەڵێ "نازانم چۆن وەسفی هەستی خۆم بکەم، وەک ئەوەیە جارێکی دیکە لەدایک بووبمەوە".

خەلیل، غەریبیی زۆری بینیوە و ئێستاش کە هاتووتەوە نیشتیمان، نایەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و تامی دوورەوڵاتی بچێژێتەوە. کۆبوونەوەشی بە هاوژین و منداڵەکانی خەمی 42 ساڵ دووری و دابڕانی لەبیربردنەوە.


سەبیحە شوکر، هاوژینی خەلیل کە لەو ماوە دوورودرێژەدا ئاگاداری منداڵەکانی بووە، لەبارەی خەلیلەوە دەڵێ "ئەو باوکی منداڵەکانمە، نەک 42 ساڵ، ئەگەر 50 ساڵ بۆ 100 ساڵیش بووایە هەر کێشەم نەبوو، ئێستاش رێزی لێدەگرم".

خەلیل لە سوودان جارێکی دیکە هاوسەرگیری کردبووەوە و، لەگەڵ ئەو ژنەیدا خاوەنی چوار منداڵن، هاوژینەکەی و منداڵەکانیشی لەگەڵ خۆی هێناونەتەوە کوردستان. هاوژینەکەی سوودانی دەڵێ "زۆر دڵخۆشبووم، کە بینیم خۆشەویستیمان بۆ دەردەبڕن، زۆرم خۆشمویستن و، زۆر کوردستانم خۆشویست، من بەرەچەڵەک کوردم، بەڵام یەکەمجارە کوردستان دەبینم".

خەلیل ئەحمەد پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو، لەگەڵ نسکۆی شۆڕش ئاوارە بووە و لە سوودان گیرساوەتەوە، دوو مانگ لەمەوبەر تیمێکی رووداو لە کەرکووکەوە چووە خەرتووم، تاوەکو مژدەی گەڕانەوەی لەزاری خۆیەوە بە گوێی نیشتمان و کەسوکارەک بگەیەنێت. 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار