سەرتاشخانەکان کرانەوە؛ هاونیشتمانییان بە تەلەفۆن نۆرە بۆ سەرتاشین دادەنێن

 
 
رووداو - هەولێر

لە ماوەی قەدەخەی هاتووچۆدا سەرتاشخانەکانیش داخران و لە چەند رۆژی رابردوودا بڕیاردرا بە چەندین مەرجی تەندروستی بکرێنەوە و یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە دانیشتن لە سەرتاشخانەکان قەدەخەیە و ئێستا سەرتاشەکان لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە کاتی هاتنی موشتەرییەکانییان دیاریدەکەن و نۆرەیان بۆ دادەنێن. 
 
ئازاد دزەیی، ئەندازیارە و دەڵێت، "سوپاس بۆ خوا بڕیاری کردنەوەی سەرتاشخانەکانیان دا.  هاتووم هەندێک سەر و قژم رێکبخەم. لێرە رێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ کراوە و خەڵکیش بە تەلەفۆن کات دیاری دەکات و دێت و قەرەباڵخی نییە". 
 
لە هەرێمی کوردستان سەرتاشخانەکان بە چەندین مەرجی تەندروستی لە کاژێر 06:00ـی بەیانی بۆ 06:00ـی ئێوارە رێگە بە کردنەوەیان دراوە.
 
پاککردندەوەی بەردەوامی کەلوپەلەکانی سەرتاشین بە ماددە پاککەرەوەکان، نەبوونی قەرەباڵخی و بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک مەرجە سەرەکییەکانی تەندروستین بۆ سەرتاشخانەکان.
 
ئێستا سەرتاشەکان لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە کاتی هاتنی موشتەرییەکانییان دیاریدەکەن، چونکە دانیشتن قەدەخەکراوە.
 
مەزهەر ئەحمەد، سەرتاشە و دەڵێت، "ئێمە رێنماییەکانی حکومەتمان جێبەجێ کردوون. ئێمە وەک سەنتەرەکەمان خاوەنی 10 کورسیین، بەڵام تەنیا سێ وەستامان کاردەکات. رۆژانە بە خشتە کاردەکەین بۆ ئەوەی قەرەباڵخی دروست نەبێت".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 700 سەرتاشخانە هەن. لەگەڵ بەردەوامیی قەدەخەی هاتووچۆ،  لیژنەکانی چاودێریی تەندروستی رۆژانە چاودێریی سەرتاشخانەکان دەکەن .
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر رۆژانە 57 تیمی تەندروستی لەگەڵ چاودێریی فرۆشگە، نانەواخانە و بازاڕەکان، چاودێریی سەرتاشخانەکان دەکەن و ئەوەی پابەند نەبێت دادەخرێت.
 
سامی نەجمەدین، بەڕێوەبەری چاودێری و پاراستنی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەرکاتێک یەکێک قژی دەتاشێت، پێویستە کەلوپەلەکانی پێش ئەوەی بۆ یەکێکی دیکە بەکاربهێنرێنەوە، پاکبکرێنەوە. ئەگەر باسی مقەست یان مەکینەکە و شانەکان بکەین، دەبێت بە ماددەیەکی پاککەرەوە پاکبکرێنەوە کە کحولەکەی لە 70% کەمتر نەبێت، هەروەها رەچاوی قەرەباڵخی بکرێت". 
 
سەرتاشخانەکان کرانەوە، ئافرەتانیش دوای زیاتر لە  40 رۆژ چاوەڕوانی کردنەوەی ئارایشگەکانن.