کارەبا لە دووبز، پردێ و سەرگەڕان خراپە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی دانیشتووانەکەی، کارەبا لە سنووری پردێ، دووبز و سەرگەڕان "زۆر خراپە" و ئەگەر موەلیدەکانیان نەبێت ناتوانن هیچ کارێک لەسەر زەوی و زارەکانیان بکەن.
مام خورشید خەڵکی گوندی گەڵۆزی سەر بە شارۆچکەی پردێیە. لە گوندەکەی ئەو و گوندەکانی دیکەش بێ کارەبایی و خراپی ڤۆڵتییەی کارەباکە دانیشتووانەکەی هەراسان کردوون. لەو کاتانەیشی کارەبای نیشتمانیان هەیە، پچڕ پچڕ دێت و دانیشتووانی سنوورەکەی بێزار کردووە.
خورشید رەمەزان ئەمین، دانیشتووی گوندی گەڵۆزی بە رووداوی راگەیاند، شەش کاژێر نییە دوو کاژێر هەیە، دوو کاژێرە ئەوەندەی هەیە دێت دەبڕێ دێت دەبڕێ، "10 خولەک دێ و 10 خولەک دەبڕێتەوە، کارەباکە جێگیر نییە."
دانیشتووانی سنوورەکانی پردێ، دووبز و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک کە ناوچەی تەواو کوردین، جیا لەوەی هیچ خزمەتگوزارییەکان پێنەگەیشتووە، کارەباش کێشە سەرەکییەکەیانە.
پارێزگای کەرکووک کێشەی لە کەمیی دەستکەوتنی کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی عێراق دا هەیە. کەرکووک تەنیا 500 مێگاوات کارەبای هەیە لەکاتێکدا پێشتر 800 مێگاواتی هەبوو. بەڵام گرفتی ناوچەکانی پردێ، دووبز و سەرگەڕان تەنیا کەمی کارەبا نییە بەڵکو خراپی لە دابەشکردن هەیە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی وێستگەی دابەشکردنە لە ناوچەکه. بۆئەوەش لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەباوە هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی هەیە.
لەیس تەڵعەت، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دەوروبەری کۆپری، دووبز، سەرگەڕان و دارەمان هەمووی بەدەست پچڕان و کەمی ڤۆڵتییەوە دەناڵێنن. ئێمە دەستمان بە پەیوەندییەکانمان کردووە و کۆمپانیای گشتی و وەزارەت بە سوپاسەوە وێستگەیەکی گەڕۆک لە سامەڕاوە دەنێرن، لەم ماوەیەدا بۆ دووبز چارەسەری قەیرانی ڤۆڵتییە و پچڕان لە وێستگەی کۆن و نوێی کۆپری دەکات."
سکاڵای خەڵکی کەرکووک و ئەو ناوچانەی کارەبایان پچڕ پچڕ پێدەدرێت بۆ وەزارەتی کارەبا بەرزکراوەتەوە، تاوەکو چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشەیە بکرێت.
رێبوار تەها، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەگەڵ وەزیری کارەبا دانیشتنمان کردووە و داوایەکی فەرمیم پێیداوە، لەڕێگەی لیژنەی نەوت و وزەوە بۆ چارەسەری ئەوە چاوەڕوانی بودجە دەکرا، بەڵام ئێستا کە بودجە پەسەندکراوە دەبێ چارەسەر بکرێت."
بەهۆی کەمی پێدانی کارەبای نیشتمانی، موەلیدە ئەهلییەکان بوونەتە جێگرەوە، بەڵام لەبەرامبەردا نرخ لەسەر خەڵک زیادیکردووە. ئەگەر مانگی رابردوو بەنموونە وەربگرین لەکاتێکدا ئەم وەرزە پێویستییەکانی خەڵک کەمتر بەکارەبایە بۆ هەر ئەمپێرێک 10 هەزار دینار وەرگیراوە.